بەشێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێشتر نەیاری یەكدی بوون، لە ئێستادا كۆمەڵێك هەنگاویان بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان و كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانیان هاویشتووە، لەم نێوەندەشدا ناوچەیەكی خۆڵەمێشیان دروست كردووە، لەو وڵاتانەش سعودیە و ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداون، بەمەش وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم نەخشەی هاوپەیمانێتی نوێن، كە ئێمە لێرەدا نەخشەی ئەو وڵاتانە ڕوون دەكەینەوە، بەڵام با سەرەتای بزانین ” ناوچەی خۆڵەمێشی ” چیە؟
ناوچەی خۆڵەمێشی
هەرچەندە هێشتا بەرنامەی ناوەكی ئێران جێگای نیگەرانیە، هەروەها ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە هەڵكشاندایە، بەڵام دیپلۆماسی بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكەی كەم كردۆتەوە.
ڤالی نەسر لە كۆلێژی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە زانكۆی هۆبگنز لە واشنتن بە ئاژانسی ” رۆیتەرز”ی وتوە كە” عەرەب و ئێرانی و توركەكان دەیانەوێت ناوچەیەكی خۆڵەمێشی لە ناوچەكە دروست بكەن، بەشێوەیەك هەمووان تیایدا بژین، لەبری ناوچەیەك ڕەش یان سپی بێت”
دەشڵێت:”بەشێك لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەوە گەیشتوون كە ناوچەیەكی ئاڵۆز خزمەت بە بەرژەوەندییەكانیان ناكات، بۆیە گۆڕانێكی دینامیكی لە ناوچەكە دروست بووە، كە هەمووان بۆ ناوچەی مام ناوەند پاڵ دەنێت”.
سعودیە و ئێران:
ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری چین لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان ڕێككەوتن،كە ئەم ڕێكەوتنە دەكرێت ببێتە هۆی كەم بوونەوەی ئاڵۆزییەكان، وەك جەنگی یەمەن.
سعودیە لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت لایەنی ئابوری فراوان و هەمەجۆر بكات، هاوكات دەشیەوێت سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، هەرچی ئێرانیشە كە بە دەست دۆخی سەختی ئابورییەوە دەناڵێنێت بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە، دەیەوێت كەنارگیركرانی لەلایەن رۆژئاواوە هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها وڵاتی چین-یش هاوبەشی بازرگانی سعودیە و ئێرانە،ئەمڕۆش لەسەر كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان ڕێككەوتن،ئەمە جگە لەوەی ڕێكاری پێدانی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی هەردوو وڵات ئاسان دەكەن.
ئیمارات و ئێران:
ئیمارات بەرژەوەندی ئابوری هەیە، دەیەوێت پارێزگاری لەناوبانگی خۆی بكات كە ناوچەیەكی ئارامە بۆ بازرگانی، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە ناكۆكییەكانی لەگەڵ وڵاتان كەم بكاتەوە، بۆیە لە ساڵی (2019)دا لەگەڵ ئێران ڕێككەوتن كە پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، ئێرانیش رۆژی سێ شەممەی ڕابردوو رایگەیاند كە دوای هەشت ساڵ باڵیۆزی خۆی لە ئیمارات دیاری كردوو، كە رەزا عامرییە.
ئاژانسی ” مهر”ی ئێرانی ئاشكرای كرد، كە عامری پێشتر لەهەریەك لە وڵاتانی جەزائیر و سۆدان و ئیریتریا، باڵیۆزی ئێران بووە.
لای خۆشیەوە، ئیمارات لە 21ی ئابی ڕابردووەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ئێران كردۆتەوە و محمد زوعابی وەك باڵیۆز دەستنیشان كردووە، ئەم ئاسایی بوونەوەیە دوای گرژییەكانی ساڵی 2016 هات، كە كۆمەڵێك هاولاتی ئێرانی هەڵیانكوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە بە تاران، بەهۆی لەسێدەردانی ” نەمر ئەلنەمر” كەسایەتی شیعە.
توركیا و سعودیە و میسر و ئیمارات:
ئاڵۆزبونی پەیوەندی نێوان توركیا و سعودیە و میسر و ئیمارات دوای خۆپیشاندانی ” بەهاری عەرەبی” ساڵی 2011 بوو، كە ئەو كات توركیا پاڵپشتی گروپە ئیسلامییەكانی دژ بە دەسەڵاتدارانی عەرەبی دەكرد.
پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سعودیە لە ساڵی 2018 بە كوژرانی ” جەمال خاشقچی” رۆژنامەنوسی سعودی لە كونسوڵخانەی وڵاتەكە زیاتر ئاڵۆزبوو،لەو كاتەدا رەجەب تەیب ئەردۆگان گەورە بەرپرسانی سعودیەی بە كردەوەكە تۆمەتبار كرد.
بەڵام لە ماوەی ساڵی 2021دا، توركیا هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە كەم بكاتە، كە ئەو كات ئابورییەكەی لە قەیرانێكی قوڵدا بوو، سعودیە لە مانگی مارسی ڕابردوو پێنج ملیار دۆلاری خستە سەر حسابی بانكی ناوەندی توركیا، بەمەبەستی وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا، چونكە سعودیە دەیەوێت لەبری پاڵپشتی راستەوخۆ وەبەرهێنان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا بكات.
هەروەها پەیوەندی نێوان میسر و توركیا بەهۆی لەسەركارلادانی محمد مورسی لە ساڵی 2013دا ئاڵۆزی تێكەوت، بەڵام لە 18ی مارس وەزیری دەرەوەی توركیا دوای یەك دەیە سەردانی قاهیرەی كردەوە.
سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتە توركییەكەی وتی:” كار بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا دەكەین، قۆناغێكی نوێی كاركردنی هاوبەشمان دەستپێكردووە”
مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیاش وتی:” سەردانی بەرپرسانی هەردوو وڵات بەردەوام دەبێت، داوا لە وەزیری دەرەوەی میسر دەكەم سەردانی ئەنكەرە بكات، هەموو هەوڵێك دەدەین كە بەتەواوی پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە”.
قەتەر و ئیمارات و میسر و سعودیە:
هەریەك لە میسر و ئیمارات و بەحرەین و سعودیە لە ساڵی 2017دا، سەرجەم پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و بە هاریكاریكردنی تیرۆر تۆمەتباریان كرد، كە مەبەستیان گروپە ئیسلامییەكان بوو.
بەڵام سعودیە لە ساڵی 2021دا دەستپێشخەریی بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان پێشنیار كرد و،كۆتایی هاتنی پچڕانی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ قەتەر راگەیاند، دواتریش ریاز و قاهیرە باڵیۆزی خۆیان لە دەوحە دەستنیشان كرد، وڵاتانیش جگە لە بەحرەین پەیوەندییان ئاسایی كردەوە.
ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سۆدان:
ئیسرائیل لە ساڵی 2021دا هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بە هۆی ” ڕێككەوتنی ئیبراهیم” ئاسایی بكاتەوە، ئیمارات و بەحرەین ئاسایی بونەوەیان راگەیاند، دواتر سۆدان و ئیسرائیل لە مانگی شوبات لەسەر ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەكانیان ڕێككەوتن، هەروەها ئیسرائیل هیواخوازە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە ئاسایی بكاتەوە،ئەمە لە كاتێكدایە لەگەڵ توركیاش لە ساڵی رابردووەوە پەیوەندییان ئاسایی بۆتەوە.
سوریا و وڵاتانی عەرەبی:
دوای پچڕانی پەیوەندیان لەگەڵ سوریا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ” بەهاری عەرەبی”، ئیمارات دەستپێشخەرییەكی بۆ ئاسایی بونەوە راگەیاند، بۆ ئەوەی روبەروی هەژمونی ئێران ببنەوە، بەهۆی بومەلەرزەكەی مانگی شوباتی رابردوو پەیوەندییەكان خێراتر ئاسایی بونەوە.
سەرچاوەیەكیش بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، كە سوریا و سعودیە لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان ڕێككەوتوون.