زووم، فاینەنشیەڵ تایمز
سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت، لە 14ی تەمووزدا کورد ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە و گوتی، “کەمال کلچدارئۆغلۆ لەدڵەوە دەیەوێت گۆڕانکاری بکات”.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزى بەریتانى، باسی لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە تورکیا کرد و گوتى، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، شێوەیەکی نوێی “دیکتاتۆری لە تورکیا سەرهەڵدەدات” و کلچدارئۆغلۆش هەوڵ بۆ گۆڕانکاری و دیموکراسی دەکات.
ئەردۆغان بەهۆى دابەشکردنى کۆمەڵگا لە دەسەڵات ماوەتەوە
دەمیرتاش باسی ئەوەی کرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەهۆی دابەشکردنی کۆمەڵگاوە توانیویەتی لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە و گوتی، ” لە مێژووی تورکیادا هیچ پارتێک، بەبێ ئەوەی پشتگیری کورد بەدەست نەهێنێت، نەیتوانیوە دەسەڵات بگرێتەدەست. بۆیە کورد لەم هەڵبژاردنەشدا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت.”
دەمیرتاش دەڵێت، بۆ ئەوەی کەمال کلچدارئۆغلۆ، کاندیدی هاوپەیمانی گەل لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رۆڵێکی زۆر کاریگەر دەگێڕێت.
کورد چاودێری کەمپەینی هەڵبژاردنی کلچدارئۆغلۆ دەکات
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەشڵێت، “هەرچەندە بە فەرمی هەدەپە راینەگەیاندووە کە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکات، بەڵام ئەوە دەزانین کە کلچدارئۆغلۆ نیازێکی پاکی بۆ دیموکراسی و گۆڕانکاری هەیە. کوردیش رێز لە کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەگرێت. کورد هیوای بە کەمپەینی کلچدارئۆغلۆ هەیە و چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کەمپەینەکە دەکات.”
ئەردۆغان منی لە زینداندا هێشتووەتەوە
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە باسی لە پرۆسەی هێشتنەوەی لە زینداندا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “لە زینداندا بە هیچ شێوەیەک دەستم لە سیاسەت هەڵنەگرت و تێکۆشاوم و بەشێوەیەکی چالاک بەشداریم لە سیاسەتدا کردووە. ئەردۆغان بە ئاشکرایی دەڵێت، کە من لە زینداندا دەهێڵێتەوە. دوای هەڵبژاردن دەبینین کە دەتوانێت بە ئاشکرا بڵێت لە زینداندا دەمهێڵنەوە یان نا.”