زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیرانی دەرەوەی ئیران و سعودیە بە نێوەندگیرى وەزیرى دەرەوەى چین لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن دیارترینیان کردنەوەى باڵیۆزخانەکانیانە.
میدیای فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و کردنەوەی باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک لەوەی دیکەیاندا.
فيديو | وزير الخارجية الإيراني يشكو من طول الرحلة من طهران إلى بكين.. ويجيبه وزير خارجية المملكة: الرحلة بين الرياض وطهران تستغرق ساعتين فقط#الإخبارية pic.twitter.com/6lDur7Ld1g
— قناة الإخبارية (@alekhbariyatv) April 6, 2023
دوای کۆبوونەوەیان، وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئەلسعود، لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، راگەیەندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە. ئەمەش یەکەم کۆبووننەوەی بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە بوو لەماوەی زیاتر لە 7 ساڵی رابردوودا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا رەزامەندییان دەربڕیوە سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ئاسانکاری پێدانی ڤیزا بۆ هاوڵاتییان، رەزامەندییان دەربڕیوە باڵیۆزخانە لە وڵاتانی یەکتریدا بکەنەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن کەناڵی ئەخبارییەی سعودی بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە هەردوو وەزیر بە هاوبەشیی چین تەوقەیەکی گەرم لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، ئەم دیمەنەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی دایەوە.
فيديو | موفد الإخبارية إلى بكين عبد الله الرويس: الصورة الجماعية لوزير الخارجية الأمير فيصل بن فرحان ووزير الخارجية الإيراني ووزير الخارجية الصيني بعد الاتفاق السعودي-الإيراني الذي جاء بوساطة صينية#الإخبارية pic.twitter.com/a7fRxLzrSZ
— قناة الإخبارية (@alekhbariyatv) April 6, 2023
ئەم لێکنزیکبونەوەیەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای ئەوە دێت کە هەریەکێکیان لە مانگی رابردوودا رەزامەندییان دەربڕی کە پەیوەندی دیبلۆماسی دابمەزرێنن و باڵیۆزخانە لە وڵاتی یەکتریدا بکەنەوە، ئەمەش دوای چەندین ساڵ ململانێ و ناکۆکی دێت لەنێوان ئەو دوو وڵاتە کە بەهۆی نێوەندگیریی چینەوە کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان هات.
سەرەڕای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانیان، هەردوولا ماناگی رابردوو رایانگەیاند رێککەوتنی هەماهەنگیی ئەمنی لەنێوانیاندا، کە لەساڵی 2001 و 22 ساڵ لەمەوبەر واژۆکرابوو، چالاک بکەنەوە، سەرەڕای رێککەوتنی بازرگانی، ئابوری و وەبەرهێنان کە لەساڵی 1998دا واژۆ کرابوو لە نێوانیاندا.