زووم
بەگوێرەى راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHOلە هەر شەش کەسێک لە جیهاندا یەکێکیان نەخۆشی نەزۆکی هەیە و لەم رێژەیەشدا جیاوازییەکی زۆر لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژارنشیندا نییە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە لەو وڵاتانەى داهاتى تاک تێیاندا بەرزە رێژەى نەزۆکیش بەرزە، کە 17.8%ە، لەو وڵاتانەش کە داهاتی تاک تێیاندا نزمە رێژەى نەزۆکیش کەمترە، کە 16.5%ە.
راپۆرتەکە کە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا داتاکانی کۆکردووەتەوە، دەبێتە یەکەم راپۆرت کە لەم ماوە زۆرەدا ئاماری تایبەت بە نەزۆکی بڵاوبکاتەوە.
د. تێدرۆس ئەدهانۆم، بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، رایگەیاند، راپۆرتەکە رێژەی نەزۆکی وەک قەبارەیەکی گەورە دەبینێت کە لە سەرانسەری جیهاندا بەربڵاوە و بووە بە کێشەیەکی جیهانیی. داواش دەکات چارەسەری بەپەلە بۆ دۆخەکە بدۆزرێتەوە.
ئەو دەشڵێت، راپۆرتەکە دەرخەری ئەوەیە نەزۆکی جیاکاری ناکات و بەڵگەیەکی تەواویش لەبەردەستدا نییە کە ئایا ئەو رێژەیە لەزیادبوندایە یان نا.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا، رێگەی بوون بە دایک و باوک، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، زۆر قورسە.
نەزۆکی نەخۆشییەکی کۆئەندامی زاوزێیە لە ژنان یان پیاواندا هەیە و بەوە پێناسە دەکرێت کە دوای 12 مانگ لە هەوڵدان، بەبێ رێگریی خۆویست، بۆ وەچەخستنەوە، دووگیانی نەیەتە ئاراوە.
راپۆرتەکە دەشڵێت، ئەگەری هەیە نەخۆشییەکە ببێتە هۆی توشبوون بە خەمۆکیی، داخ و تەنگانەی دارایی کە کاریگەریی دەروونی و سایکۆلۆژی لەسەر کەسی توشبوو جێدەهێڵێت.
نەزۆکی پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، نەخۆشەکە ژن بێت یان پیاو. هەروەها جۆری نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە شیوازی ژیانەوە هەیە بریتین لە جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحولی و قەڵەویی. جگە لەمەش ژینگەی پیس و ژەهراویی کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر لاوازکردنی سپێرم و هێلکە و ژمارەیان کەمدەکاتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەدات، چەندین چارەسەری نەزۆکی هەیە بۆ ژنان و پیاوان، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتەکان تێچووی چارەسەرییەکان ناگرنە ئەستۆ و تێچووی چارەسەرییەکە بەرزە، خەڵکى خۆیان ناتوانن خۆیان چارەسەری پێویست وەربگرن.
سەرەڕای ئەمەش، بەگوێرەى راپۆرتەکە لەو وڵاتانەی کە داهات تێدا کەمە، تاکەکان بەشێکی زۆر لە داهاتەکانیان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەیان دابیندەکان وەک لەو وڵاتانەی کە داهاتی تاک تێدا بەرزە.