زووم، رۆژنامەى “ئەلجەریدە”ى کوەیتى:
رۆژنامەیەکى کوەیتى لە زارى سەرچاوەیەكی باڵاوە ئاشكرایدەكات، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپاى قودسی ئێران لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغداد، لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر کۆبووەتەوە و داوای لێکردووە بگەڕێتەوە بۆ كاری سیاسی، بەڵام قائانی تووشى شۆک دەبێت و بۆی دەردەکەوێت كە سەدر چاوى لە شوێنى عەلى خامنەیی رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانە.
رۆژنامەى “ئەلجەریدەى کوەیتى” لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممەدا بڵاویکردووەتەوە كە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپاى قودسی ئێران، باڵی دەرەوەی سوپای پاسداران، لە سەردانی ئەمدواییەی بۆ بەغداد، چاوی بە سەركردەكانی رەوتی شیعە لە عێراق كەوتووە، ئامانج لە چاوپێكەوتنەكەش بۆ “یەكگرتوویی ماڵی شیعە” بووە، بەڵام لە كۆبوونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، تووشی شۆك دەبێت، كاتێك تێدەگات سەدر مەبەستێكی گەورەتری هەیە و نیازی گەڕانەوەی بۆ كاری سیاسی نییە.
سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەكات، قائانی داوای لە سەدر كردووە بگەڕێتەوە بۆ كاری سیاسی و مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە شیعییەكان بكات، بەڵام ئەو سور بووە لەسەر بڕیارەكەی كە نەگەڕانەوەیە بۆ كاری سیاسی، بەڵكو بەرپرسە ئێرانییەکەى ئاگاداركردووەتەوە، كە نیازی هەیە بەمنزیكانە سەردانی قوم بكات بۆ درێژەدان بە خوێندن لە حەوزەى ئایینی.
بەگوتەى سەرچاوەکە، قائانی پاش دەرچوونى لە كۆبوونەوەكە، بۆی دەركەوتووە كە سەدر بە باشی دەزانێت ببێت بە مەرجەعێکى باڵاى ئایینى لە جیهانى شیعەدا، نەك مەرجەعێكی سیاسی لە عێراق. قائانى پێیوابووە سەدر بیر لەوە دەکاتەوە پاش مردنی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان، ببێتە باڵاترین كەسایەتی شیعە.
قائانى گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى کە رەنگە سەدر هەوڵبدات شوێنى خامنەیی بگرێتەوە
سەرچاوەکەى رۆژنامە کوەیتییەکە ئاشکراشیکردووە کە قائانى گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى کە رەنگە سەدر هەوڵبدات شوێنى خامنەیی بگرێتەوە، بە تایبەت کە دەستوورى ئێران و ئەو یاسایانەى پەیوەندییان بە هەڵبژاردنى رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانەوە هەیە، ئەوەیان نەکردووەتەوە مەرج کە دەبێت “رێبەر” ئێرانى بێت، چونکە ئەو رێبەرى شۆڕشى ئیسلامییە و بەگوێرەى ئەم ئایدۆلۆژیایەش، شۆڕشى ئیسلامى گشتگیرە و هەموو جیهانى ئیسلامى دەگرێتەوە نەک تەنها ئێران.
رۆژنامەکە لەوبارەیەوە نموونەی رووداوێکى مێژوویی بە یاد دەهێنێتەوە و دەڵێت، لەكاتی مردنی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵى 1989، محەمەد حسێن فەزڵوڵڵا مەرجەعی رووحى حیزبوڵڵاى لوبنان، ئامادەنەبوو “موبایعە” بە عەلى خامنەیی رێبەرى باڵاى ئێستاى ئێران بدات، چونكە پێیوابوو بەگوێرەى ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی، ئەو لە پێشترە بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناكۆكی نێوان خامنەیی و محەمەد حسێن فەزڵوڵڵا تا کۆتایی ژیانى.
سەرچاوەکەى رۆژنامەى “ئەلجەریدەى کوەیتى” دەڵێت، هەروەها سەدر دەستپێشخەرییەکى قائانی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق رەتكردووەتەوە، كە ناكۆكی زۆری لەگەڵدا هەیە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی كە بەرپرسە ئێرانییەكە پێى بڵێت “ئێران و سعودیە رێككەوتن، كەچی تۆ رێكکەوتن لەگەڵ مالیکى رەتدەكەیتەوە؟”.
سەرچاوەکە دەڵێت، قائانى ئاماژەى بەوەشداوە، کە سەربارى جەختکردنەوەکانى سەدر کە بەوەى بەشدارى لە ژیانى سیاسییدا ناکاتەوە، بەڵام لایەنەکانى دیکە پێیانگوتووە کە رەوتى سەدر ئامادەکاریی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا دەکات.
رۆژنامە کوەیتییەکە نوسیویەتى، سەردانەکەى قائانی بۆ عێراق، بۆ نێوەندگیریی لایەنە شیعییەكان بووە، كە ناكۆكییەكانیان گەیشتووەتە ئاستی پێكدانى سیاسی و میدیایی و ئێران ترسی هەیە ئەم ناکۆکییانە سەربکێشێت بۆ پێكدادانی چەکداریی.
هەر لە سەردانەكەیدا، قائانی باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و سعودیەی بۆ لایەنە شیعەکانى عێراق كردووە، هەروەها ئامانج و پلانی تارانی بۆ قۆناغی داهاتوو روونكردووەتەوە، بەتایبەت کە دەقێكی رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ سعودییە باس لەوە دەكات “پێویستە لە دەستوەردانی ناوخۆیی وڵاتان دوور بكەونەوە”، بۆیە قائانى باسى لەوەکردووە کە گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی ئێران دێتە كایەوە، كە لەگەڵ دەقی رێكەوتنەكە یەكانگیر بێت.