زووم:
د. سەباح هەورامی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەمرۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: بەشێك لە كۆمپانیاكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بەیاننامەیەكیان ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كردووە، كە چیتر ناتوانن دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی دابینبكەن.
گوتیشی: وەك بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، پێش ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە باسی گرفتەكانیان بكەن، ئێمە چەندجارێك لێدوانمان لەسەر ئەو بابەتە داوە گوتوومانە: بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی “بەهۆی نەبوونی نەختینەوە لە بانكەكان” توشی نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بووەتەوە.
د. سەباح هەورامی بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات كە، وەك بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، پشتگیری لەداواكانی ئەو كۆمپانیایانە دەكەین، چونكە هاوكارمانبوون و نەیانهێشتووە نەخۆشخانەكانمان بێ دەرمان بن، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و بەڕێوبەرایەتی بانكی هەرێم لە سلێمانی دەكەین، بەشێك لە شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج بكات تاكوو لە كارەكانیان بەردەوام بن.
ئەمرۆ سێشەممە 04-04-2023 بەشێك لە كۆمپانیاكانی دەرمان لە سلێمانی رایانگەیاند، بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیانەوە، لەمەودوا ناتوانن پێداویستی پزیشكی و دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دابین بكەن.
كۆمپانیاكانی دەرمان لە سلێمانی ئاماژە بەوەدەدەن لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە پارەی خۆیان دەرمان و ئامێر و پێداویستی تەندروستییان دابین كردووە و پارەكەیان بۆ نەگەڕێندراوەتەوە هەرچەندە لەگەڵ تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و سندوقی شێرپەنجەدا گرێبەستییان هەیە بۆ پێدانەوەی پارەكانیان.
بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەڕێگەی سێ سەرچاوەوە دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان دابیندەكات، سەرچاوەیەكیان ئەو دەرمانانەن لە بەغدادەوە دەدرێت پێمان، سەرچاوەیەكی دیكە ئەو دەرمانانانەن كە بەهاوكاری دەدرێت بە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بەشێكی دیكەی دەرمانەكان ئەوانەن كە خۆمان دەیكڕین لەو بڕە تەرخانكراوەی وەزارەتی دارایی بۆی دابینكردوین. بەگوتەی د. سەباح هەورامی بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی.