محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى جەزیرە دەڵێت، هەندێک کۆمپانیا لە گرێبەستە نەوتییەکاندا حکومەتی هەرێمیان “ئیبتیزاز” کردووە. ئەو دەڵێت، ئەوکاتەى جەنگی داعش هەبوو، بودجەی هەرێم راگیرابوو، ئاوارەکان رویان لە هەرێم کردبوو، ئەمانە فشاربوون لەسەر هەرێم کە پەنا بۆ هەندێک گرێبەست ببات کە نادادپەروەری رونى تێدایە.
ئەمەى خوارەوە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەیە
پێشکەشکار: پێم وایە عێراق دەیەوێت و هەوڵ دەدات لە رێرەوی تەنگ دەربچێت، نازانم دەرچووە یان هەر لە هەوڵدایە..ئەولەویەتی کاری ئێوە چیە؟
سودانی: بەڵێ سوپاس بۆ خوا عێراق لە رێرەوەی تەنگ دەرچووە، عێراق باش بووەتەوە، لە داستانێکی مێژوویدا لە تیرۆر رزگارمان بووە، حکومەتەکەم لە دوای قۆناغی 2003 شەشەم حکومەتە لەبەرئەوە رێگەکەم لەبەرچاوە و ئەزموونەکانی پێشوو دەبینم بە هەموو ئەرێنی و نەرێنیەکانەوە، بۆیە بە تێڕوانین لەو ئەزموونە بنەمای کارە لە پێشینەکانمان داناوە کە جێبەجێکردنی خواست و داواکاری هاوڵاتیانە.
سودانی: کێشەی هەژاری و بێکاریمان هەیە، کێشەی خراپی خزمەتگوزاریمان هەیە، کێشەی گەندەڵی بڵاوبووەمان هەیە، پێویستیمان بە چاکسازی ئابوری هەیە، پێشتر بە پشتبەستن بە بەرزی نرخی نەوت و بە رووکەش کەموکوڕیەکانیان داپۆشیوە، نا ئەمڕۆ ئەبێت چاکسازی بکرێت.
سودانی: ناتوانم ببینم گازی پاشکۆی نەوت لەخۆڕا دەسوتێندرێت و منیش ساڵانە بە بەهای 8 ترلیۆن دینار گاز هاوردە بکەم
سودانی: من وڵاتێکم پشتمان بە نەوت بەستووە، نەوت نرخی بەرزبێت بودجەمان دەبێت، موچەمان دەبێت، خزمەتگوزاریمان دەبێت، نەوت دابەزێت بەزۆر موچەش کۆدەکەینەوە…ئەمە پێویستی بە چاکسازی هەیە نابێت تەنها پشت بە نەوت ببەستین، پێویستمان بە بینین و فەلسەفەی نوێیە.
پێشکەشکار: تێگەیشتین کە گەندەڵی بووەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی عێراق و ماڵوێرانی بۆ عێراقیەکان..شتەکەش روونە کە هێزێکی سەرەکی گەورە گەندەڵی ئەنجامداوە بە درێژایی ماوەی پێشوو..دەگوترێت سودانی ناتوانێت بەرەنگاری ئەم هێزە ببێتەوە لەبەرئەوەی خۆی بەشێکە لەم هێزە.
سودانی: ئاڵنگاریە گەورەکەی بەردەم عێراق گەندەڵیە نەک داعش..داعش کۆتاییهات، بەشێک لە گەندەڵی و گەندەڵکاران پارێزراون ئەمەش ئاڵنگاریەکەی بەردەم منە.. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەخت نییە، بەڵام پێشتر ئیرادە نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
لە دزی سەدە، دادگا قسە دەکات نەک من، دادگا دەڵێت تۆڕێکی گەورەی بەرپرسان هەبووە لە حکومەتی پێشوو کە تێوەگلاون لەم بابەتە و ئاسانکاریان کردووە و دزیەکەیان داپۆشیوە.
پێشکەشکار: بۆچی هاوڵاتی عێراقی هەژارە؟ وەک دەوڵەتانی کەنداو نەوتی هەیە، ئەو سامانەی هەیە وڵاتانی کەنداو نیانە..ئەی بۆچی ئەم هەژاری و بێکاریە؟
سودانی: ئەمە گرفتی کەڵەکەبووە، خۆ لە 2003 وڵات لە ئاڵتون نەگیرابوو، هەموو شتێک سفر بوو خزمەتگوزاری سفر بوو، هیچ نەبوو…تۆ دەتەوێ بڵێی ئەم بیست ساڵە هیچ نەکراوە؟ نا وانیە..بەڵام پێویستی خەڵک زۆر زیاد بوو خەرجیەکانی وڵات زۆر بووە.
پێشکەشکار: بەردەوام لەگەڵ پێکهاتەی کورد ناکۆکی هەبووە لەسەر چەند دۆسیەیەک بۆ نمونە یاسای نەوت و گاز، سەرۆکوەزیران چیدەکات بۆ بەدیهێنانی خواستی ئەم پێکهاتەیەی عێراق؟
سودانی: کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەشێکن لەو رێککەوتنە سیاسیەی حکومەتی ئێستای لەسەر پێکهێنراوە، یەکێک لەو کێشانەنەش نەوت و گازە کە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، گەیشتووین بە رێککەوتنێک و لە پرۆژە یاسای بودجەدا چەسپێنراوە، ئەمە خۆی بەشێک بوو لە رێککەوتنە سیاسیەکە.
سودانی: لە بەرنامەی کارەکەم شەش مانگمان دانابوو بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز، کەمێک لادەدەین لە شەش مانگەکە، بەڵام ئەم یاسایە پەیوەندیەکە رێکدەخات بەشێوەیەکی هەمیشەیی.
پێشکەشکار: بە چی ئاراستەیەک و چۆن پەیوەندییەکە رێکدەخرێت؟
سودانی: یاساکە رۆڵی حکومەتی ناوەند دیاریدەکات، رۆڵی هەرێم، نەک هەر هەرێم پارێزگاکانیش..هەندێک وادەزانێت دۆسیەی نەوت و گاز تەنها لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمە، بەڵکو هەندێک پارێزگاش هەیە داوای رۆڵی خۆی دەکات لەم یاسایەدا.
پێشکەشکار: هەرێم چۆن ئیدارەی دۆسیەی نەوتی داوە؟ دەگوترێت لێهاتوویی بوونی نەبووە، گەندەڵی هەبووە، بابەتی زۆر هەیە.
سودانی: حکومەتی هەرێم ناچاربووە هەندێک گرێبەست ئەنجامبدات کە جۆرێک لە ناچاری تێدابووە، گەیشتووەتە ئاستی “ئیبتیزاز” لەلایەن هەندێک لە کۆمپانیاکان بەرامبەر هەرێم.
سودانی: لە ساڵی 2014 کە جەنگی داعش هەبوو، بودجەی هەرێم راگیرا، جەنگ و ژمارەی زۆری ئاوارەکان بوونە هۆی زیادبوونی داواکاری خزمەتگوزاری، ئەمانە هەمووی فشاربوون لەسەر حکومەتی هەرێم، وایانکردووە هەرێم پەنا بۆ هەندێک گرێبەست ببات کە ئەم نادادپەروەریەی روونەی تێدایە.
سودانی: حکومەتی هەرێم ئەم بارودۆخەی بەرێکردووە کە زۆر سەختبووە و ئێستاش سەختە لەسەر گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی مووچە و ئەم بابەتانە، رێککەوتن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەمە کۆتایی پێدەهێنێت، بودجە بۆ هەموو عێراقیەکان دەبێت.
پێشکەشکار: ئێران چی دەوێت؟ گوترا ئێران دەیەوێت بەغداد بابەتی بوونی هێزە چەکدارە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناو عێراق چارەسەر بکات.
سودانی: بەڵێ ئەمە یەکێکە لە کێشەکان کە کاریگەری کردووەتە سەر بارودۆخی ئەمنی لە سنوورەکان، بەهۆی بوونی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە بە سیفەتی پەنابەر بوونیان هەیە بە درێژایی چەندین ساڵە لە سەردەمی رژێمی پێشووەوە، بوونیان وەک پەنابەر ئاساییە، بەڵام بوونیان وەک چەکدار و بوونی سەربازگە و مەشق و چوونیان بۆ نێو خاکی ئێران و ئەنجامدانی چالاکی سەربازی و گەڕانەوەیان بۆ عێراق ئەمە کێشەیە، ئەمە هەر دەستوری عێراقی رەتدەکاتەوە.
سودانی: دواتر دەبێت سنورەکانمان بپارێزین، مەعقول نیە سنورەکانمان کراوەبێت بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە، ئەمە وای لەلایەنی ئێرانی کرد هێرش بکاتە سەر ئەم سەربازگانە، کە ئەمەش هەڵەیە چونکە خاکی عێراقە، ئەمە پێشێلکاری سەروەریە و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان دەبێت.
سودانی: ژمارەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجامدا لەگەڵ ئێران، گەیشتین بە رێککەوتنێک بۆ پاراستنی سنورەکان و رادەستکردنی داواکراوان و نەهێشتنی سەربازگەکان، هیواخوازین ئەم رێککەوتنە سەقامگیری بەدیبهێنێت لە سنورەکان.
پێشکەشکار: ئەمە بەرپرسیاریەتی حکومەتی ناوەندە یان هەرێم؟
سودانی: حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم دەبێت ئەم رێککەوتنە جێبەجێبکەن، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی پێشمەرگە و سوپا ئەم رێککەوتنە گفتوگۆی لەسەرکرا.
پێشکەشکار: ئەمریکا و ئێران یاریزانی سەرەکی بوون لە گۆڕەپانی عێراق، ئایا ئێستاش ئێران کاریگەریە گەورەکەی ماوە لەسەر دیمەنی سیاسی عێراق؟
سودانی: ئێران دراوسێمانە، پەیوەندی ئایینی و کۆمەڵایەتی بەیەکەوە دەمانبەستێتەوە، پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەک باشە و ئەم بابەتەش تا ئێرە تەواوە، بەڵام دەستێوەردان بە دڵنیایی رەتکراوەیە، من وەک سەرۆکوەزیران دەڵێم لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتەوە تا دروستبوونی حکومەت و تاوەکو ئێستاش روبەڕوی هەڵوێستێکی دەست تێوەردانی ئێرانیەکان نەبوومەتەوە.
سودانی: نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ “تەسفیەی حساب”، ئێران کێشەی هەبوو لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ هەندێک دەوڵەتی کەنداو لێکتێنەگەیشتنیان هەبوو، ئێمە نابینە گۆڕەپانێک بۆ ئەم ناکۆکیانە.
پێشکەشکار: باسی تورکیا بکەین کە تورکیاش دەوڵەتێکی بنەرەتیە کە پەیوەندی لەگەڵ عێراق هەیە، تورکیاش کردەی سەربازی ئەنجامدەدا لە ناوچەکانی هەرێم دژ بە پارتی کرێکاران …کێشەش هەیە لەسەر دۆسیەی ئاو.. سروشتی پەیوەندییەکەتان لەگەڵ تورکیا چۆنە؟
سودانی: تورکیا وڵاتێکی دراوسێیە و لەگەڵ ئەوانیش هاوبەشی ئایینی و کۆمەڵایەتیمان هەیە، بەڵێ کێشەی ئەمنیمان هەیە کێشەمان لەسەر ئاو هەیە، بەڵام چانسی چارەسەرەکان زۆر گەورەترە لە کێشەکان، ئێمە لەگەڵ تورکیا هەنگاو دەنێین بۆ دروستکردنی هاوبەشی بازرگانی بەمزوانە، هەوڵ هەیە لەلایەن تورکیا بۆ زامنکردنی پشکی ئاوی عێراق.
سودانی: لەبارەی دۆسیەی ئەمنی هەمان کێشەی ئێرانمان هەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام لیژنە لە نێوانمان هەیە و گفتوگۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەربارەی چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان.
سودانی: وەک پاساو نا بەڵکو راستیەکەمان وت کە سنور کراوەیە و هێزی ناوەند لە سنورەکان نییە بۆ پاراستنی، لەگەڵ هەرێم لێکتێگەیشتین کە دەبێت هێزی حکومەتی ناوەندی بە درێژایی سنوری عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران بوونیان هەبێت، تاوەکو رێگە بە کردەی سەربازی نەدرێت، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆکردووە بۆ ناردنی 3000 سەربازی سنور و رێکارەکان بەردەوامن.
پێشکەشکار: چۆن پێناسەی بوونی ئەمریکا بکەین لە عێراق؟
سودانی: ئەمریکا بە خواست و ئیرادەی عێراق لێرەن، ئێمە پێویستمان بە هێزی شەڕکەر نییە، بەڵام پێویستمان بە پەیوەندی و هاوکاری ئەمنیە، پێویستمان بە مەشقکردنە.