زووم، ئاژانسەکان:
هەڵبژاردنى پەرلەمانى فینلەند دوێنێ ئەنجامدرا و هەمانرۆژ ئەنجامەکەشى راگەیەندرا. پارتی راستڕەوی هاوپەیمانی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی پێتەری ئۆرپۆ، بوو بە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکە و پارتى دەسەڵاتدارى ئێستاش شکستیهێنا.
لە هەڵبژاردنەکەدا سێ لایەنى سەرەکى لە کێبڕێکدا بوون، ئەوانیش پارتی راستڕەوی هاوپەیمانی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی پێتەری ئۆرپۆ، بە بەدەستهێنانى 20.8%ى دەنگەکان بوو بە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکە.
پارتی نەتەوەپەستی فینلەندیی توانی 20.1% دەنگەکانى بەدەستهێنا و بوو بە براوەى دووەم، پارتی چەپی سۆشیال دیموکراتی سانا مارینی سەرۆکوەزیرانیش 19.9%ی دەنگەکان، پلەی سێهەمی ریزبەندییەکەی بەدەستهێنا.
بەوپێەی کە هەرسێ پارتی کێبڕکێکار، بە جیاوازییەکی کەم، نزیکەی 20%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، هیچ کام لە پارتەکان ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت.
لە هەڵبژاردنەکەدا 22 پارت بەشداربوون
لە هەڵبژاردنەکەدا 22 پارت بەشداربوون، زیاتر لە دوو هەزار و400 کاندید پێشبڕکێیان دەکرد لەسەر بەدەستهێنانی 200 کورسی پەرلەمان. رێژەی بەشداری لە دەنگدان، 71.9% بووە و کەمێک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 کەمتربووە.
لەنێو لایەنگرانیدا لە هێلێنسکی پایتەخت، پێتەری ئۆرپۆ، براوەى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پاڵپشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت لەژێر دەسەڵاتی پارتی هاوپەیمانی نەتەوەیی دەبێت.
سانا مارینی سەرۆکوەزیرانى ئێستا، کە تەمەنی 37 ساڵە و یەکێکە لە گەنجترین سەرۆکەکانی ئەوروپا، پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆری لێدەکرا بەو پێیەی رۆڵی هەبووە لە پشتیوانکردنی ئۆکراین و پرۆسەی بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ، بەڵام ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانى دوێنێ لە بەرژەوەندى ئەو نەبوون.
ئۆرپۆی 53 ساڵ کە پێشتر وەزیری دارایی وڵاتەکە بووە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی مسۆگەر کردووە
ئۆرپۆی 53 ساڵ کە پێشتر وەزیری دارایی وڵاتەکە بووە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی مسۆگەر کردووە، لە ئاهەنگی سەرکەوتنەکەیدا دڵنیاییدا لە بەردەوامی پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ کیێڤ لەسەردەمی حکومڕانی ئەودا.
ئەو گوتى، “ئێمە ناتوانین ئەم شەڕە نەگریسە قبوڵ بکەین. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ یارمەتیدانی ئۆکراین و خەڵکەکەی چونکە ئەوان بۆ ئێمەش دەجەنگن.”
فینلەند هاوسنورە لەگەڵ روسیا، بەمدواییانە توانی رەزامەندی تورکیا بەدەستبهێنێت بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ.
ئۆرپۆ لە پەیامێکدا بۆ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا گوتى، “لە ئۆکراین بکشێوە، چونکە دەدۆڕێیت”.
پارتەکەی ئۆرپۆ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا 48 کورسی، پارتی نەتەوەپەرستی فینلەندی، کە بەپارتی دژە-کۆچبەران ناسراوە، 46 کورسی و پارتی سانا مارینی سۆشیال دیموکراتیش 43 کورسییان بەدەستهێناوە.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەوە دەردەخەن کە گۆڕانکاری سیاسی لە وڵاتەکەدا پێشهاتێکی حەتمییە
شرۆڤەکارانی سیاسی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەوە دەردەخەن کە گۆڕانکاری سیاسی لە وڵاتەکەدا پێشهاتێکی حەتمییە، چونکە ئیدى حکومەتێکی راسترە و بە تۆنی نەتەوایەتی حوکمی فینلەندییەکان دەکات. چاوەڕوانیش دەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستانی دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومتێکی نوێ دەستپێبکەن.
لەوبارەیەوە ئۆرپۆ رایگەیاند، “من متمانەم بەو نەریتەی فینلەندییەکان هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان، هەوڵدەدم باشترین رێگا بدۆزمەوە بۆئەوەی حکومەتێکی زۆرینە بۆ فینلەندا پێکبهێنم.”
بەوپێیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئۆرپۆ زۆر رەخنەی لە سیاسەتە ئابورییەکانی حکومەت دەگرت، کە تایبەت بوون بە کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەر ئەو وڵاتە، پێناچێت ئۆرپۆ لەگەڵ پارتەکەی سانا مارین، هاوپەیمانی پێکبهێنێت. بەڵام دەرگای بەڕووی پارتی نەتەوەپەرستی فینلەندیی کراوەیە و لە روانگەی سیاسەتە ئابورییەکانیشەوە لەیەکترییەوە نزیکن. لە هەمان کاتدا، لەبارەی کێشەکانی کەشوهەوا و یەکێتی ئەوروپاوە راجیایی زۆر لەنێوانیاندا هەیە.