ئەمڕۆ، نرخی نەوت بە رێژەی 5% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای بڕیارەکەى دوێنی ئۆپێک پلەس دێت، کە خستنەڕوى نەوت بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل کەمدەکاتەوە.
رێکخراوی ئۆپێک پلەس، پێکدێت لە ئۆپێک و چەند ئەندامێکی دیکە لەوانەش، روسیا، ئازەربایجان، مەکسیک، برونی، بەحرەین کازاخستان، مالیزیا، عوممان، سودان و باشوری سودان. رێکخراوەکە وەک هاوپەیمانێتییەک لە نێوان ئۆپێک و ئەو ڵاتانەدا لە ساڵی 2016 دامەزرا. ئامانج لێی رێکخستنی خواست و خستنەروی جیهانی نەوتە بۆ سەقامگیرکردنی بازارەکە.
دوایین بڕیاری ئۆپێک پلەس بۆ کەمکردنەوەی نەوت، بەمەبەستی جێگیرکردنی نرخی نەوتە لەبازارەکانی جیهاندا. یەک رۆژ دواى بڕیارەکەن واتە ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوت نزیکەی 5 دۆلار بەرزبووەوە، بەشیوەیەک بەرمیلێک نەوتی برێنت لەبازارەکانی جیهاندا لە 79 دۆلارەوە بۆ 83 دۆلار و 73 سەنت بەرزبووەوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەبێتەهۆی زیادبوونی هەڵاوسان و باری سەرشانی هاوڵاتییانی جیهان قورستر دەکات، بەوپێیەی نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکاندا بەرزدەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، سعودیە، کە ئەندامێکی سەرەکی ئۆپێکە، رایگەیاند کە بەشێوەیەکی “خۆبەخشانە” بەرهەمهێنانی نەوتی خاو کەمدەکاتەوە. ئەم کەمکردنەوەیەش لە مانگی ئایارەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
کەمکرنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، لەکاتێکدایە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئۆپێک پلەس رایگەیاند، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل کەمدەکەنەوە. ئەمەش زۆرترین کەمکردنەوەبوو لەدوای پەتای کۆرۆناوە راگەیەندرابێت و دەیکردە 2%ی کۆی نەوتی جیهان.
دوای بڕیارەکەى دوێنێی ئۆپیک پڵەس، سعودیە بە بڕی نیو ملیۆن، عێراق 200 هەزار، ئیمارات 144 هەزار، کوەیت 128 هەزار، جەزائیر 48 هەزار و عوممان 40 هەزار بەرمیل کەمدەکەنەوە.
ئەم بڕیارانەی ئۆپێک پلەس پێدەچیت ناکۆکى نێوان ئەمریکا و سعودیە دروست بکات، چونکە ساڵی رابردوو جۆ بایدن، ئەمریکا رایگەیاند، ئەو بڕیارانەی سعودیە کۆمەڵێک “لێکەوتە” بەدوای خۆیدا دەهێنیت.
لە دوایین لێدواندا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، پێمان وا نییە ئەم کەمکردنەوانە لەم دۆخەی ئێستادا کارێکی باش بێت، چونکە نادڵنیایی لە بازاڕەکاندا دروستدەکات.
ئەو دەڵێت، ئێمە ئێستا تیشک دەخەینە سەر بەکاربەرانی ئەمریکا، نەک بەرمیلە نەوتەکان.
لە هەنگاوێکی دیکەی ئۆپێک پلەسدا، روسیا دوێنی رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023، بەهەمهێنانی نەوتی رۆژانە بە بڕی نیو ملیۆن بەرمیل کەمدەکاتەوە.