ناوى رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) لە ریزى یەکەمى فۆرمى دەنگداندانى 14ى ئایاردا. فۆڕمەکە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، شکستی هەوڵەکانى ئۆپۆزسیۆن دەردەخات، کە دەیویست لە رێگەى یاساوە رێ لە کاندیدبوونى ئەردۆغان بگرێت.
لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن، یاسای ژمارە 101ی دەستوری بنەڕەتی تورکیا، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، وەک بەڵگە باس دەکەن، یاساکە دەڵێت، نابێت هیچ کەسێک بۆ سییەمجار، خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بکاتەوە.
سەربارى دەقە یاسا و دەستورییەکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا “بێ رەچاوکردنى سەرنج و داواکاری ئۆپۆزسیۆن لەسەر پرسەکە” ناوی ئەردۆغانى پەسەندکرد و سکاڵاکانی لە دژی خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان رەتکردەوە.
حیکمەت سامی تورک، وەزیری پێشووی دادی تورکیا لەم بارەیەوە بۆ رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) قسەی کردووە و گوتى، پێویستبوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیارە راستەکەی بدایە. پێویست بوو کۆمسیۆن لێکۆڵینەوەی تەواو لە ناوی کاندیدەکان بکات و بەر لەوەی فۆڕمی دەنگدان بڵاوبکاتەوە، پێویست بوو چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی بکردایە، کە ئایا کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان یاساییە یان نە! بەڵام بەگوێرەی مادەی 101ی دەستوری تورکیا، رێگە نادرێت کەسێک بەهیچ شێوەیەک خۆی بۆ جاری سێیەم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندیدی بکات و “ئەردۆغانیش خۆشی دەزانێت کە ئەو هەنگاوە لەدژی دەستورە.”
ئەو دەشڵێت، هەرچەندە کۆمسیۆن بڕیاری خۆیداوە، بەڵام گەلی تورکیا “بە هۆشیاری خۆی بەگوێرەی دەستور دەجووڵێتەوە و کەسێک هەڵنابژێرێت کە سێ جار خۆی کاندید کردووە”.
لەلایەکی دیکەوە ئۆغور پۆیراز، سکرتێری گشتی پارتی باش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (تی 24)، گوتی، ” لە ساڵی 1982ەوە کە ئەم دەستورە دانراوە، 19 جار 196 یاسای دەستوری گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە یەکێک لە مادەکان، مادەی 101ی تایبەت بە کانیدی سەرۆکایەتییە. ئەو مادەیە لە ساڵی 2007دا لەلایەن ئاکەپەوە گۆڕدراوە و تێیدا هاتووە، “پێویستە هیچ کەسێک لە دوو جار زیاتر نەبێتە کاندیدی سەرۆکایەتی و ئەمەش دەستورییە و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت”.
ئۆغور پۆیراز دەشڵێت، هەرچەندە بڕیارەکە لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەندکراوە، بەڵام لە دادگای دەستوری سکاڵا تۆمار دەکەن.
ئەمرە پۆڵات، گوتەبێژی پارتی سەربەخۆی تورکیا (بەتەپە) و سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیاش کاردانەوەیان لەبەرامبەر بڕیارەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پیشاندا، سینان دۆغان گوتى، پێویستە ناکات درێژە بەم پرسە بدرێت، وەک ئاماژەدان بە “دۆڕان”ـی ئەردۆغان گوتی، “جوجەڵەکان لە کۆتایی پاییزدا دەژمێردرێن”.
لەبارەى پرسەکە بەکر بوزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان بە پێچەوانەی یاسا و دەستور نییە، بۆیە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڕیاری خۆی داوە و “بڕیارەکە لە جێی خۆیدایە”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆکایەتیش، دوێنێ لە ناوچەی نورحەقی پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان کە سەردانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی شەشی شوباتى کردبوو ئاماژەی بەوەدا، “ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، پرسی خۆکاندیدکردنەوەی من دەبەنە، دادگای دەستوری بنەڕەتی، منیش پێیان دەڵێن، فەرموون رێگاکەتان کراوەیە.”
بەگوێرەی قسەکانی ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی دەسەڵات بێت، ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە رێگەی دەستور و یاساوە، رێگری لە خۆکاندیدکردنی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم بکات، بۆیە ئۆپۆزسیۆن تەنیا چاویان لە دەنگدانى رۆژى 14ى ئایارە، کە بتوانن شکست بە دەسەڵاتە 20 ساڵەکەی ئەردۆغان و ئاکەپە بهێنێت”.