زووم، ئاژانسەکان:
لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فینلەندا دەستیپێکرد، 10 حزب ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی 200 کورسیی پەرلەمانی وڵاتەکە دەکەن، سێ خانمی کورد کاندیدن.
پێشبینیدەکرێت پاش هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاریی لە سیاسەتی فینلەندا رووبدات، سێ پارتی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکەدا کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان و بردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵات.
لە ئێستادا پۆستی سەرۆکوەزیران لە دەستی سانا مارینی تەمەن 37 ساڵدایە، ئەو خانمەی لە ساڵی 2019دا وەک گەنجترین سەرۆکوەزیرانی جیهان دەستبەکاربوو “کە ئەوکات تەمەنی تەنها 34 ساڵ بوو”.
ئەمڕۆ بۆ سانای کاندیدی پارتی چەپی سۆشیال دیموکراتەکان رۆژێکی سەخت دەبێت، ئەو کار بۆ مانەوەی دەکات لە پۆستەکەیدا، لەکاتێکدا هەردوو پارتی نەتەوەپەرستی فینلەندی و پارتی راستڕەوی هاوپەیمانی نەتەوەییەوە رکابەریی دەکەن.
بە گوێرەی دوایین راپرسییەکان، پارتەکەی سانا مارین لە ریزبەندیی سێیەمدا هاتووە، پارتی هاوپەیمانی نەتەوەیی بە رێژەیەکی کەم لە پێش پارتی دژە-کۆچبەریی نەتەوەپەرستی فینلەندییەوە لە پلەی یەکەمدا دێت.
بەرپرسی کۆمپانیایەکی راپرسیی متمانەپێکراو، بە فرانس پرێسی گوتووە “هەڵبژاردنی ئەمجارە لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە، قورسە براوەی هەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت”
بە گوێرەی یاسای وڵاتەکە، ئەو پارتەی زۆرینەی کورسییەکان دەباتەوە، دەتوانێت داوای بەرزترین دەسەڵات بکات و حکومەت پێکبهێنێت.
سانا مارین سەرۆکایەتیی هاوپەیمانێتییەک دەکات کە پێنج پارتی چەپ لە خۆدەگرێت. لەبارەی سانا مارینەوە دەنگدەران بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەشێکیان پێیانوایە سانا رۆڵی کارامەی گێڕاوە لە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنادا و هاوکات توانیویەتی کاریگەریی هەبێت لەوەی فینلەندا ببێتە ئەندامی ناتۆ.
هەرچی بەرەی دژی سەرۆکوەزیرانە گەنجەکەیە، پێیانوایە بەشداریی سانا لە ئاهەنگ و رەفتارە گەنجانەکانی وادەکەن کە چیدیکە بۆ ئەو پۆستە شیاو نەبێت.
یەکێک لە رکابەرە سەرەکییەکانی سانا پێتەری ئۆرپۆیە، کە کاندیدی هاوپەیمانی نەتەوەیی راستڕەوەکانە و وەکو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن و موحافیزکار رکابەرایەتی سانا دەکات.
لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا ئۆرپۆ زیاتر جەختی لە کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکە کردووەتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئێستای تۆمەتبار کردووە بەوەی “حکومەتەکەی بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە قەرزی سەر هاوڵاتییانی زیادکردووە”.
لەبەرامبەردا، سانا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و پارتەکەی ئۆرپۆ بەوە تۆمەتبار دەکات کە “دەیەوێت لە سەر حسابی هەژاران، پارەدارەکان دەوڵەمەندتر بکات”.
سەبارەت بە پارتی نەتەوەپەرستی فینلەندی، کە هاوینی ساڵی رابردوو پشتیوانییەکی زۆری پەیداکرد، پارتێکی دژە کۆچبەرییە و قەیرانەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراکی قۆستووەتەوە تاوەکو سەرنجی دەنگدەران بەلای خۆیدا رابکێشێت.
پارتەکە لەلایەن ریکا پوراوە سەرۆکایەتی دەکرێت و دژایەتییەکی توندی هاتنی کۆچبەران دەکات بۆ وڵاتەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش لە بانگەشەکانیدا ئاماژە بەو کێشانە دەکات کە سویدی دراوسێ بەهۆی کۆچبەرانەوە توشی بووە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فرانس پرێس، پورا دەڵێت “نامانەوێت بە دەردی سوید بچین. ئێمە جەخت دەکەینەوە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی یاسای کۆچبەریی وڵاتەکەمان”.
بەهۆی ئەم سیاسەتانەوە، سانا بە ئاشکرا رایگەیاندووە هەرگیز نایەوێت بۆ پێکهێنانی حکومەت هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو پارتەدا پێکهبهێنیت.
هەرچی ئۆرپۆی پارتی هاوپەیمانی نەتەوەییە، دەڵێت ئەگەرەکان لەبەردەمیدا کراوەن کە لەگەڵ هەر کام لە دوو رکابەرەکەیدا حکومەت پێک بهێنێت.
هەرچەندە ئەگەرەکان لە ئێستادا روون نین کە کام لایەنە حکومەت لەگەڵ ئەوەی دیکەدا پێك دەهێنێت، شارەزایان پێیانوایە، سیناریۆی چاوەڕوانکراو بریتییە لە هاوپەیمانێتی نێوان پارتی چەپ و پارتی هاوپەیمانی نەتەوەیی. لە هەمان کاتدا، بیرورا و تێڕوانینی جیاوازی هەردوو لایەن لەبەرامبەر پرسە ئابووریی و سیاسییەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
سیناریۆیەکی دیکە دەکرێت پێکهێنانی حکومەت بێت لەنێوان پارتی هاوپەیمانی نەتەوەیی و پارتی نەتەوەپەرستی فینلەندیی. هەرچەندە ئۆرپۆ پێیوایە لەبارەی پرسی دەرچوون لە یەکێتیی ئەوروپا، کۆچبەران و ئامانجە ژینگەییەکان جیاوازییەکی زۆر لەنێونیاندا هەیە.