زووم:
“پاش هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار، ئەگەرێکی زۆر هەیە، دۆخەکە ئاڵۆز ببێت” ئەمە قسەی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و کاندیدی هاوپەیمانی گەلە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.
ئەم لێدوانەی کڵچدار ئۆغلو دوای هێرشە چەکدارییەکەی دوێنێ هەینی دێت بۆ سەر بارەگای پارتی باش (ئیی پارتی).
لە کاتێکدا لە تورکیا بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە، بەڵام لایەنەکان یەکدی بە گەندەڵی و جێبەجێکردنی ئەجندای وڵاتانی دەرەوە تۆمەتبار دەکەن، توندوتیژی و ئاڵۆزیش لە زیادبووندایە.
لەنێوان کاتژمێر چوار بۆ پێنجی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی، کەسێک تەقەی لە بارەگاى پارتی باش لە ئەستەنبوڵ کردووە.
هێرشەکە دوای ئەوە دێت، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی لە مەڕال ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتی باش کردبوو، بەهۆی ئەوەی رەخنەیەکی زۆی لێگرتبوو. ئەردۆغان بە ئاکشەنەری گوت “ناوم رەجەب و پاشناوەکەم ئەردۆغانە، هێشتا منت نەناسیوە و هوشداریت پێ دەدەم کە رکابەرایەتی لەگەڵ من نەکەیت”.
هەرچەندە هەمان رۆژ، سولەیمان سویلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێرشبەرەکەیان دەستگیرکردووە، بەڵام لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، ئەردۆغان لە پشت هێرشەکەوەیە و پێویستە دادگا ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە.
قسەکانی سویلۆ و راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەستەنبوڵ یەکناگرنەوە. سویلۆ رایگەیاند کە ئەم هێرشە “هەوڵێکی تێکدەریە” بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس رایگەیاند، “کەسێک لە نزیک بارەگاى پارتی باش هەوڵیداوە دزی لە باڵەخانەیەکی ناتەواو بکات، پاسەوانی بارەگاکە تەقەی کردووە و گوللەیەک بەر بارەگى پارتی باش کەوتووە”.
مەڕال ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتی باش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هێرشەکە لەبەرامبەر بارەگەکەیان لە کاتێکدا ئەنجامدراوە ئەردۆغان هەڕەشەی لێکردوون و گوتویەتی “من بە خۆتانەوە خەریک مەکەن”.
ئاکشەنەر گوتی، هەموو شتێک دەگۆڕێت. ئەردۆغان ئێستا زانیویەتی دەبێت بڕوات. پێی دەڵێت، “لەبری ئەوەی بەسەر دەوروبەرە دووڕووەکەتدا هاوار بکەیت، ئێمە دەکەیتە ئامانج، بەڵام هیچ رێگەیەک نەماوە کە رێگری لە شکستەکەت بکەیت”.
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئاییندە کە ماوەیەک لەنێو ئاکەپەدا بووە و هاوڕێیەکی نزیکی ئەردۆغان بوو و پۆستی سەرۆکوەزیریشی لەنێو ئاکەپەدا بەدەستهێنابوو، هێرشەکەی ئیدانە کرد و رایگەیاند “بەڕێز ئەردۆغان هۆشداریتان پێدەدەم، ئەم هێرشە ئیدانە بکەن، لەبەرئەوەی هێرشێکە لەدژی دیموکراسی تورکیا و هاوپەیمانی گەل ئەنجامدراوە”.
دەسەڵات ئاگاداری هێرشەکەیە
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکە بە ئاگاداری دەسەڵات ئەنجامدراوە و گوتی، “شەرمەزاری دەکەین. لایەنێک دەتوانێت بە هێرش و لە رێگەی چەکەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات، بەڵام هەموو کەسێک بە بڕیارەوە، خۆی بۆ 14ی ئایار ئامادە دەکات”.
İyi Parti'ye yapılan saldırıyı lanetliyorum. Bu tür saldırılar asla iktidardan bağımsız yapılamaz.
Birileri seçim kampanyasını silahla, tehditle yürütmek isteyebilir ama herkes kararlılıkla, cesaretle 14 Mayıs'a hazırlanmalı.
Sabredin, birlikte değiştireceğiz.
— Selahattin Demirtaş (@hdpdemirtas) March 31, 2023
بوغرا کاڤونجو، راوێژکاری یەکەمی سەرۆکی پارتی باش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هالک تی ڤی، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، راگەیەندراوەکانی پۆلیسی ئەستەنبوڵ و پارێزگاری ئەستەنبوڵ کە دەڵێن هێرشەکە پەیوەندی بە پارتی باشەوە نییە، جێی متمانە نین و دەپرسێت، “بۆچی گوللە بەر شوێنێک دەکەوێت کە وێنەی سەرۆککەمان مەڕال ئاکشەنەری پێوە هەڵواسراوە؟”.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانە بێدەنگ نەبوو و عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە لە تویتێکدا، تۆمەتەکانی رەتکردەوە و جگە لەوەی هێرشەکەی ئیدانە کرد، بەهۆی ئەوەی ئاکشەنەر ئەردۆغانی بە بەرپرسیاری هێرشەکە لەقەڵەمداوە، ئاکشەنەریشی ئیدانە کرد.
İyi Parti İstanbul İl binasına yapılan saldırıyı lanetliyoruz. İyi Parti’ye geçmiş olsun dileklerimizi iletiyoruz. Siyaset kurumuna dönük her türlü taciz ve saldırının karşısındayız. Hiçbir provokasyon ve saldırı amacına ulaşamaz.
— Ömer Çelik (@omerrcelik) March 31, 2023
ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە کە مانگێک و 14 رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، بەگوێرەی زۆربەی زۆری راپرسییەکان، ئەردۆغان شکستدەهێنێت و هاوپەیمانی کۆماریش ئیدی ناتوانێت، زۆربەی کورسی دەسەڵات بەدەستبهێنێت.