زووم، قودسی عەرەبی:
گوتەبێژی فراکسیۆنی “سادقون” لە پەرلەمانی عێراق کە نوێنەری سیاسی جوڵانەوەی (عەسائیب ئەهلی حەق)ە رایگەیاند، بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بە سەربەخۆ، هەڵوێستی بەغدادی بەهێزکردووە لە دانوستانەکان لەگەڵ هەرێم لەبارەی ئەو دۆسیانەی ساڵانێکە هەڵواسراون.
محەمەد بەلداوی قسەى بۆ رۆژنامەى قودسى عەرەبی کردووە و دەڵێت، بەهێزی هەڵوێستی حکومەتەکەی سودانی بە جۆرێکە بە “ئیسراحەت” دەتوانێت هەموو مەرجەکانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.
ئەو گوتیشی، بڕیارە نێودەوڵەتیەکە رێگەی گرت لەوەی چیتر هەرێم خۆی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی “بدزێتەوە” لەبارەی قەدەغەکردنی هەناردەی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆ، وەک چۆن لایەنی تورکیشی پابەندکردووە بە بە بڕیارەکەوە.
محەمەد بەلداوی دەڵێت، بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی نزیککردنەوەی هەرێم و ناوەند لەیەکتر و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان لەبارەی بودجە و فرۆشتنی نەوت، هەنگاوێکە بۆ خێرادەرچوونی یاسای نەوت و گاز.
دەستشکانەوە و سەپاندنی ئیرادە لەگەڵ حکومەتی عێراقی سوودی نییە
سوهەیلە سوڵتانی، یەکێکی دیکە لە پەرلەمانتارەکانی سادقون دەڵێت، دەستشکانەوە و سەپاندنی ئیرادە لەگەڵ حکومەتی عێراقی سوودی نییە و دەبێت هەولێر پەنا بۆ بەغداد ببات بۆ چارەسەری قەیرانەکە.
سوهەیلە دەڵێت، بڕیارەکەی دادگا نێودەوڵەتیەکە دادپەروەرانەیە بۆ هەمووان، “قۆناغی دەستشکانەوەی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کۆتایی هاتووە” پێویستە هەمووان پابەند بن بە بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەکە و دادگای باڵای فیدراڵی، سەروەتە نیشتیمانییەکان موڵکی هەموو گەلی عێراقن لە “باکورەوە بۆ باشور”.
سوهەیلە دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە درێژایی ساڵانی رابردوو هەوڵی سەپاندنی مەرجەکانی خۆی داوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغداد.