زووم:
٣١ـى ئازار، ساڵڕۆژى لەدایکبوونى، فەیلەسوفى فەڕەنسى “رێنییە دیکارت”ـە.
دیکارت لە ساڵى ١٥٩٦ لە فەڕەنسا لەدایکبوو، لە ساڵى ١٦٥٠یش لە ستۆکهۆڵم لە سوید کۆچى دوایی دەکات.
دیکارت بە “باوکى فەلسەفەى مۆدێرن” ناسراوە، چونکە بنەماکانى بیرکردنەوەى مۆدێرنى داڕشت و خۆى لە بیرکردنەوەى پێشووترى سەدەکانى ناوەڕاست دابڕى. سەدەکانى ناوەڕاست، لە سەدەى پێنجەوە بۆ سەدەى پانزەى زایینى خایاند، کە هەزار ساڵ بیرکردنەوە تێیدا چەقى بەستبوو. بیرکردنەوەى سەدەکانى ناوەڕاست، لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوەى دینى مەسیحىدا بوو. هەروەها یەزدانناسە مەسحییەکان دەگەڕانەوە بۆ فەلسەفەى ئەرستۆ تاکو بیانووى عەقڵانى بۆ بیروباوەڕى مەسحییەت بێننەوە. لە سەدەکانى ناوەڕاستدا، وەحى بە سەرچاوەى زانین و ناسینى جیهان دادەنرا. بەڵام دیکارت بە رێژەیەکى زۆر خۆى لەو قۆناغە دابڕى و گومانى خستە سەر هەموو بیرکردنەوەى پێش خۆى: ئەم میتۆدەى دیکارت بە “میتۆدى گومانگەرایی” ناسراوە. گومانگەرایی، گومان بوو لە هەموو ئەو شتانەى کە دیکارت دەیزانى و فێرکرابوو، بۆیە گومانى خستە سەر خۆیشى ئاخۆ بوونى هەیە؟ ئەو لەم گومانە سادە و بنچینەییەوە، دەستى بە بنیاتنانەوەى مرۆڤ کردەوە و وتى “من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم”. دیکارت دەیویست بنەڕەتێکى دڵنیا دامەزرێنێت بۆ ئەوەى گومانى مرۆڤ لە شتەکان نەبنە وەهم. دەبێت گومان بکەین تا دەگەینە هەندێ بنەڕەتى جێى دڵنیایی. ئەم رستە لێکدراوەى دیکارت کە بە کۆجیتۆى دیکارتى ناسراوە، چەندین سەدەیە هەڵەتێگەیشتن و تەنانەت تەوسێکى زۆریشى لەدواى خۆى لەناو خەڵکى ئاساییدا جێهێشتووە.
پێشتر قەشە ئۆگەستین، فەیلەسوفى مەسیحى زەمینەیەکى بچوکى بۆ دیکارت خۆش کردبوو کە دەڵێت “من هەڵەدەکەم، کەواتە من هەم”. واتە مرۆڤى بە بوونەوەرێک دادەنا کە قابیلى هەڵەیە، بەڵام هێشتا خودا سەرچاوەى سەرەکیی بەخشینى ئەو هەڵەیە بوو. ئۆگەستین هێشتا بڕواى بە بیروباوەڕەکانى مەسحییەت هەبوو. دیکارت هات و خودى مرۆڤى کردە سەرچاوەى هەڵە و راستى. هەڵە بووە بەشێک لە تیۆرى زانین لە دونیاى مرۆڤدا.
دیکارت لەجیاتیی باوەڕ، “عەقڵ”ـى کرد بە سەرچاوەى زانین و ناسینى جیهان و مرۆڤ. دەبوو مرۆڤ لەڕێگەى عەقڵى خۆیەوە، خۆى بناسێت. خودا چیدى وەک هێزێکى چەقگیر نەمابوو لە ژیانى مرۆڤدا. عەقڵانییەتى دیکارت، پێچەوانەى باوەڕى باوەڕى سەدەکانى ناوەڕاست بوو. دیکارت پێى وابوو، هەموو مرۆڤێک توانایەکى خۆڕسکى عەقڵیی تیایە کە دەتوانێت گومان لە هەموو شت بکات و سەرەنجامیش بگاتە کۆمەڵێک دڵنیایی. هەروەها دیکارت بیرکاریزان بوو. پێى وابوو بیرکارى دەتوانێت یاساکانى سرووشت بدۆزێتەوە. یەک لە رەخنە سەرەکییەکان لە دیکارت ئەوەیە کە زاڵکردنى عەقڵ بەسەر سرووشتدا، وایکردووە زانست ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سرووشت.
بەشێک لە بۆچوونەکانى دیکارت بوون بە بنچینەى بیرکردنەوەى فەلسەفى و تا ئەمڕۆش راڤەدەکرێنەوە، بەشێکى بچوکیشى بەهۆى گۆڕانى فەلسەفە و گەشەى زانستەوە خراونەتەلاوە. جیا لە فەلسەفەى مۆدێرن و پۆستمۆدێرن، دەروونناسى و دەمارناسى بەردەوام گەڕاونەتەوە بۆ دیکارت.
گومانگەراییەکەی دیکارت، جیایە لە گومانگەراییەکەی تر. گومانی دیکارتی، لەپێناوی ئەوەدایە مرۆڤ بگات بە کۆمەڵێک یەقین و دڵنیایی. لەکاتێکدا گومانگەراییەکانی تری مێژووی فەلسەفە، لەپێناوی درێژەداندایە بە خودی گومان. لای دیکارت کرۆکێک لە مرۆڤدا دەمێنێتەوە، کە چیدی گومان ناکات و دڵنیایە لەوەی هەیە و بیر دەکاتەوە. دیکارت دەڵێت ئێمە لە خەودا بین یان سیناریۆی دەستی هێزێکی باڵای خراپەکاریش بین هەر هەین و وەهم نین. ئەم گومانە سیستەماتیک ڕیشەییە دیکارت، ئەو مافەی دایە مرۆڤ کە جیهان و سرووشت بخوێنێتەوە و بیناسێت و پەنا بۆ شتێکی تر نەبات. پەلهاوێژیی زانست لەمڕۆدا بەشێکی دەخرێتە ئەستۆی کۆجیتۆکەی دیکارت. واتە ئەو کاتەی کە لەڕێگەی ناسین و بیرکردنەوەوە، سرووشت داگیردەکات و دەیڕەتێنێت.
بەرهەمە سەرەکییەکانى دیکارت بریتیین لە:
گوتار لەمەڕ میتۆد (١٦٣٧)
تێڕامانەکان (١٦٤١)
پرەنسیپەکانى فەلسەفە (١٦٤٤)
هەڵچوونەکانى نەفس (١٦٤٩)
دیکارت لە کۆتا ساڵى ژیانیدا لەلایەن شاژنى سویدەوە بانگهێشت دەکرێت و هاوڕێیەتییەکى فیکریی نزیک درووستدەبێت. هەر لەوێ دیکارت بەهۆى کەشوهەواى نالەبارى سویدەوە، نەخۆشدەکەوێت و کۆچى دوایی دەکات.