زووم:
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت بەهۆی بڕیاری دادگاکەی پاریسەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 330 مێگاوات کەمی کردووە.
بڕیاری دادگاکەی پاریس کە هەناردەی نەوتی هەرێمی بۆ تورکیا راگرتووە، لە هەمانکاتدا بووەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەی گەرمیان و خورمەڵە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، رونیکردووەتەوە “وێستگەی كارەبا لەگەرمیان كە بەغازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت 80 مێگاوات کارەبا كەمی كردووە، لە وێستگەی خۆرمەڵەش لەهەولێر بەبڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، بە هەردووکیان دەگاتە 330 مێگاوات”.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بەوەداوە کە هەوڵدەدەن بەپشت بەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر “قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بکەنەوە”.
رۆژی شەممەی رابردوو دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دەرکرد و لەو رۆژەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا راگیراوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم لە مانگی رابردوودا رایگەیاندبوو ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم چوار هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا خواستی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گەیشتووەتە حەوت هەزار مێگاوات.
واتە ئەو 330 مێگاواتەی بەهۆی بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە کەمبووەتەوە، دەکاتە 8%ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.