زووم:
ئەمڕۆ 76 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێکانیدا تێپەڕدەبێت، قازی محەمەد دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری کوردستان و هاوەڵەکانی لە 31ی ئازاری ساڵی 1947دا لەلایەن سیستەمی پاشایەتی ئەوکاتی ئێرانەوە و لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارەدران.
قازی محەمەد لە ساڵی 1946دا دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند کە تەنها 11 مانگ بەردەوامبوو.
پاش دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ئێرانەوە تۆمەتی “خیانەت”ـی درایە پاڵ، قازی محەمەد لە بەردەم دادوەردا گوتی، “ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان خاکی باب و باپیر و ئەجدادی منە چۆن دەتوانم دەستی لێ ھەڵگرم”.
قازی محەمەد ساڵی 1893 لەدایکبووە، واتە 54 ساڵ ژیاوە، سەرەتای کاری سیاسیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە پەیوەندیی بە کۆمەڵەی ژێ کافەوە (ژ.ک.) دەکات. پاشان ناوەکەی بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان دەگۆڕن، سەرەنجام لە 22ی کانوونی دووەمی 1946 کۆماری کوردستان رادەگەیەنن.
قازی محەمەد سە وەسێتنامەکەیدا بەر لەسێدارەدان، داوا لە کورد دەکات بەهیچ شێوەیەک متمانە بە دەرەوەی خۆیان نەکەن، پشتی یەکدی بگرن و بەرژەوەندیی گشتیی بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتییەکانەوە.