زووم:
كۆشكی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، كەسایەتییەكی “دیپلۆماسی و لێهاتوو”ـی وەک باڵیۆزی وڵاتەكەی لە قاهیرەى پایتەختى میسر دەستنیشانکردووە. ئەو کەسایەتییە هێرۆ مستەفایە، کە خەڵکى شارى هەولێرە و پێشتریش چەندین پۆستى لە ئیدارەى ئەمریکا وەرگرتووە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى كۆشكی سپی، هێرۆ مستەفا، لە ماوەی ساڵانی 2019 بۆ 2023 باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە بولگاریا، هەروەها جێگری نێردەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە لە لشبۆنە و پورتوگال، هاوكات راوێژكاری وەزیری سیاسی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە لە نیودەلهی هیندستان، پێشتریش لە نوسینگەی جێگری سەرۆک، لە پرسەكانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشور و ناوەڕاستی ئاسیا كاری كردووە، لە سەر دۆسیەکانى ئێران و ئەفغانستان كاری كردووە.
هێرۆ مستەفا كێیە؟
هێرۆ مستەفا، ساڵی 1973 لە شاری هەولێر لەدایكبووە، دامەزراوەی كارنیگی لە ماڵپەڕەکەى نوسیویەتى، ئەو تەمەنی هەشت ساڵان بووە، بەهۆی ستەمی حکومەتى بەعس لە عێراق لەگەڵ خێزانەكەی كوردستانیان جێهێشتووە، ماوەی دوو ساڵ لە خێوەتگەكانی پەنابەران لە ئێران ماوەتەوە، دواتر رەزامەندییان وەرگرتووە، تا خۆیان بگەیەننە ئەمریكا.
هێرۆ مستەفا، لەسەر ماوەنەوەی لە خێوەتگەكان دەڵێت:” تۆ پەنابەرێكی كۆچەریت، بێگومان لە هیچەوە دەستپێدەكەیت، بەڵام ئەو ئەزمونە فێری كردم كە ئامانجی گەورەتر دابنێم، دواتریش بەدەستمهێنا، دواتریش بۆ ئامانجی باڵاتر هەنگاوم نا”.
بەگوێرەى زانیارییەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بولگاریا، هێرۆ هاوسەرگیری لەگەڵ كەسایەتیەكی هیندی بە ناوی رافنیش جارج كردووە، دوو منداڵیان هەیە گەورەكەی ناوی ئاریانایە و تەمەنی نۆ ساڵانە، ئاشنا منداڵە بچووكەكەیەتی و تەمەنی حەوت ساڵە.
هێرۆ لە ویلایەتی داكۆتای باكور گەورە بووە، لەوێوە هەوڵەكانی بۆ سەركەوتن خستۆتەگەڕو بۆ ئامانجەكانی تێكۆشاوە، سەركەوتنەكانی وای لێكردووە چیرۆكی ژیانی بكرێتە فیلمێكی دۆكۆمێنتاری بەناوی ‘پاڵەوانی ئەمریكی هێرۆ-American Herro’ هەروەها دامەزراوەی كارینگی لە ساڵی 2021 وەک یەكێك لە كۆچبەرەكانی ئەمریكا رێزلێنانی پێبەخشی.
ئەو زمانەكانی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی، یۆنانی، هیندی، بولگاری و پورتوگالی دەزانێت.
هێرۆ مستەفا دەڵێت، شانازی بە كوردبوونمەوە دەكەم.
كاتێک لە ساڵی 2019 كرایە باڵیۆزی ئەمریكا لە بولگارییە، گوتى”شانازی دەكەم كە یەكەم كوردم و بۆ ئەو پۆستە دیاری كراوم”.
كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی میسر و هەرێمی كوردستان دەبێت؟
دكتۆر مەحمود زاید بۆ زووم: هێرۆ مستەفا كاریگەری باشی لەسەر پەیوەندییەكانی كورد و میسر دەبێت
د. مەحمود زاید، مامۆستای زانكۆی ئەزهەر
دكتۆر مەحمود زاید، مامۆستای زانكۆی ئەزهەر لە میسر و شارەزا لە كاروباری كوردی، بە زوومى گوت:” پێموایە كاریگەری باشی لە پەیوەندییەكانی كورد و میسر دەبێت، بەشێوەیەك پەیوەندییەكان توندوتۆڵتر دەبێت، ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەبەرهێنان لە دانانی هێرۆ مستەفا وەک باڵیۆز بكات”.
دەشڵێت:” هێرۆ مستەفا، بەهۆی ئەوەی زۆر كاری كردووە و بەرگری لە كەمە نەتەوەییەكان كردووە، هەروەها میسریش فۆبیای بە پرسی كورد نییە، بۆیە باڵیۆزی نوێ هیچ رێگرییەک بۆ پرسی كورد دروست ناكات. لە میسریش نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا هەن، ئەمانە هەمووی دەبێتە مایەی پتەوكردنی پەیوەندییەكان”.