بەرات ئالبایراک، زاوای رەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، تۆمەتى “بەقاچاغبردنی” نەوتی هەرێمى کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سکاڵا لەسەر ئەو میدیایانەش تۆماردەکات، کە هەواڵەکەیان.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى قەرارى تورکى، کە رۆژى سێشەممە بڵاوکردەوە، بەرات ئالبایراک، خاوەندارێتى کۆمپانیای پاوەر ترانسى کردووە و هاوکات وەزیری سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا بووە، نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە گواستووەتەوە بۆ تورکیا.
عیسا سینان گونەش، پارێزەری بەرات ئالبایراک، زاوای ئەردۆغان و وەزیری پێشووتری وزەی تورکیا، راگەیەندراوێکی لەبارەی تۆمەتبارکردنى ئالبایراک لە پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە هەندێک هەواڵدا کە بە ناونیشانی “دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تورکیای سزادا” بڵاوکراونەتەوە، تۆمەتی “بێبنەما” ئاراستەی ئاڵبایراک کراوە. بەوهۆیەوە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین و داوای قەرەبوو دەکەینەوە.
پارێزەرەکەی ئاڵبایراک باسی ئەوەشی کرد، لە هەواڵەکاندا باسی بڕیاری دادگاکە لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام هەندێک کەسی لایەنگری “فەتحوڵلاچیەکان” کە لەسەر “دوژمنایەتیکردنی ئاڵیایراک خۆیان دەژین، هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە کە هەمووی دوورن لە راستییەوە”.
ئاڵبایراک هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە نەبووە کە کاریان لە بازرگانی نەوتدا کردووە
دەڵێت، ئاڵبایراک هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە نەبووە کە کاریان لە بازرگانی نەوتدا کردووە.
ئایکوت ئەردۆغدو، پەرلەمانتارى جەهەپە، کە لە راپۆرتەکەى رۆژنامەى قەراردا ئاماژە بە قسەکانى کراوە، کۆمپانیاى پاوەر ترانس، زاواکەى ئەردۆغان خاوەندارێتى کردووە و بەبێ تەندەر نەوتى هەرێمى کوردستانى بە ئیسرائیل فرۆشتووە.
پەرلەمانتارەکەى جەهەپە لە راپۆرتەکەدا باسى لەوەشکردووە بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانیان لە ساڵى 2015 بۆ گەندەڵییەکانى کەرتى وزە، بۆیان دەرکەوتووە ژنبرایەکى ئەردۆغان بە ناوى “زیا ئیلگەن” کە پشکى لە کۆمپانیاکانی ئار ئینێرجی، زیرڤە هۆڵدینگ و پاوەر ترانس هەبووە، لەو گەندەڵییانە تێوەگلاوە.