زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت، بازاڕەکانی جیهان چاویان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسى هەناردەى نەوت چارەسەر بکرێت.
بەگوێرەى ئاژانسەکە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەمڕۆ، نرخی نەوت دابەزیوە، سەرەڕای ئەوەش بازاڕەکانی جیهان چاویان لەسەر وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ گۆڕانکاریی لە نرخەکاندا.
نرخی نەوت بەراورد بە دوێنێ دابەزیوە
ئەمڕۆ چوارشەممە هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 77 دۆلار و 91 سەنت لەبازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ بە زیاتر لە 79 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.
ئاژانسەکە دەڵێت، کۆمپانیاکانی نەوت کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوری عێراق (هەرێمى کوردستان) راگرتووە.
دواى بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، لە رۆژى 25ى ئەم مانگەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بۆ بازاڕەکانى جیهان راگیراوە.
ئاژانسى رۆیتەرز، لەزاری سیتی بانک، کە کۆمپانیایەکی دارایی جیهانییە، رایگەیاندووە، ئەو بڕە زیادەیەی نرخی نەوت، کە بەهۆی کێشەی نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق هاتووەتە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، “بەنزیکانە نامێنێت”.
راشیگەیاندووە، “گۆڕانکاری سیاسی لە ناوخۆی عێراق، کە مەبەستى لە هەولێر و بەغدادە، رەنگە بەزووترین کات ببێتە هۆی سەقامگیریی سیاسیی درێژخایەن” لە وڵاتەکەدا و پێشبینیش دەکات کە رێژەی هەناردەی نەوتی رۆژانە بە بڕی 200 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە.
بەگوێرەى لێدوانەکەى سیتى بانک هەولێر و بەغداد بەمنزیکانە کێشەى رارتنى هەناردەى نەوت لە رێگەى تورکیاوە چارەسەر دەکەن.