وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە فەرمی هەموو مەرجەکانی وەرگرتنی لە خوێندنی باڵا راگەیاند “ماستەر،دکتۆرا و دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و دوو ساڵە”
ئەمرۆ چوارشەممە، 29ی ئازاری 2023، د.ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە دەرگای پێشکەشکردن بۆ کورسی ماستەر و دکتۆرا و دیبلۆمی باڵا دەکرێتەوە و تاوەکو 18ی ئایاری 2023 خوازیاران دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان و بەڕەچاوکردنی کوالیتى و دڵنیایى جۆرى و لایەنى زانستى کورسیەکانى بەم شێوەیە داناوە:
– (1834) کورسى بۆ دکتۆرا
– (3312) کورسى بۆ ماستەر
– (160) کورسى بۆ دبلۆمى دو ساڵەى پزیشکى کلینیکى
– (2308) کورسى بۆ دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی
مەرجەکانی پێشکەشکردن
یەکەم/ بۆ خوێندنی دکتۆرا:
- نابێ کۆنمرەی بەکالۆریۆس لە 60 کەمتر بێت.
- کۆنمرەی ماستەر نابێ لە 70 کەمتر بێت.
- مەرجی خزمەتی دوو ساڵی کرداری دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر.
- لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت واتا نابێت لە 15 کەمتر بهێنێت.
دوەم/ بۆ خوێندنی ماستەر:
- نابێت کۆنمرەی بەکالۆریۆس لە 60 کەمتر بێ.
- مەرجی خزمەتی دوو ساڵی کرداری دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس.
- لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت واتا نابێت لە 15 کەمتر بهێنێت.
سێیەم/ بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی:
- نابێ کۆنمرەی بەکالۆریۆس لە 50 کەمتر بێت.
- مەرجی خزمەتی دوو ساڵی کرداری دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس.
- لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت واتا نابێت لە 15 کەمتر بهێنێت.
پێوەرەکانی پێشبڕکێی وەرگرتن
یەکەم/ بۆ خوێندنی دکتۆرا:
- کۆنمرەی بەکالۆریۆس واتا لە 60 بەسەرەوە چەندت هەبێت ئەوەندە خاڵت دەبێت.
- کۆنمرەی ماستەر واتا لە 70 بەسەرەوە چەندت هەبێت ئەوەندە خاڵت بۆ دادەنرێت.
- بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی و داهێنانی زانستی.
- پرۆسەی دڵنیایی جۆری بۆ ئەوانەی نازناوی زانستیان هەیە.
- توانستی زمانی ئینگلیزی.
- نمرەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە 15 بەسەرەوە هەژمار دەکرێت.
دووەم/ بۆ ماستەر:
- کۆنمرەی بەکالۆریۆس واتا لە 60 بەسەرەوە چەندت هەبێت ئەوەندە خاڵت دەبێت.
- توانستی زمانی ئینگلیزی.
- نمرەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە 15 بەسەرەوە هەژمار دەکرێت.
سێیەم/ بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی:
- کۆنمرەی بەکالۆریۆس واتا لە 50 بەسەرەوە چەندت هەبێت ئەوەندە خاڵت دەبێت.
- توانستی زمانی ئینگلیزی.
- نمرەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە ١٥ بەسەرەوە هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت کورسیەکانى خوێندن دابەشى سەر سێ بازنەى جیا کراوە، کە بریتین لە:
- کورسى بەخۆڕایی بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، کە فەرمانبەران و مامۆستایانى دیوانى وەزارەت و سەرجەم زانکۆ حکومیەکان و دامەزراوەکانى سەر بەوەزارەت بەپێى پلانى پەسندکراو پێشبڕکێی لەسەر دەکەن.
- کورسی بەخۆڕایی بۆ وەزارەت و دامەزراوە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، لەم بازنەیەشدا فەرمانبەرانى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە جیاکانى حکومەت لە هەرێمى کوردستان بەپێى پلانى پەسندکراو پێشبڕکێ لەسەر دەکەن.
- کورسى خوێندن بەشێوازى پارالێل، لەم بازنەیەدا سەرجەم فەرمانبەرانى دامەزراوە و دانەمەزراوە بەپێى پلانى پەسندکراو دەتوانن پێکەوە پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانیان بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت بۆ کەسوکارى پلە یەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى هەرێمى کوردستان، کورسى خوێندن لە دەرەوەى پلان دەبێ، بەمەرجێک لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەربچن، هەروەها فەرمانبەران و مامۆستایانى میلاکى هەمیشەیی زانکۆ و پەیمانگەکانى سنورى پارێزگاى کەرکوک لە کرێى خوێندن دەبەخشرێن لە کاتى وەرگرتنیان بەشێوازى پارالێل لە خوێندنى دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
خوێندنی باڵا دەشڵێت، لە دیاریکردنى کرێى خوێندن بۆ هەر پسپۆڕیەک ڕەچاوى بارودۆخى دارایی هەرێمى کوردستان و دۆخى خوازیاران دەکرێ.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە، خوازیاران لە ڕۆژى یەک شەممە 2ی نیسانی 2023وە تا ڕۆژى پێنچ شەممە 18ی ئایاری 2023 دەتوانن مامەڵەکانیان لە ڕێگەى زانکۆکان پێشکەش بکەن.
هەروەها کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە 29ی ئایاری 2023 تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لەسەرجەم زانکۆکان بۆ (دکتۆرا، ماستەر، دبلۆمى دوو ساڵەى پزیشکى کلینیکى و دبلۆمى یەک ساڵەى ئەکادیمى) بەڕێوەدەچێت و پڕۆسەى دەستپێکردنى خوێندنیش دەکەوێتە مانگى ئەیلولی ئەمساڵ.