بانگەشەى هەڵبژاردن لە تورکیا گەیشتە کەمکردنەوەى کرێى کارەبا و غاز، دامەزاندن و زیادکردنى موچە.
رەجەت تەیب ئەردۆغان ، سەرۆککۆمارى تورکیا، کە هاوکات کاندیدى ئاکەپە و مەهەپەیە بۆ خولێکى دیکەى سەرۆکایەتى، ئەمڕۆ چووە پەرلەمان و کۆبوونەوەى هەفتانەى پارتەکەى بەڕێوەبرد.
ئەو باسی کەمکردنەوەی نرخی کارەبا و غازى ماڵانى کرد و گوتى، لە هەنگاوى یەکەمدا 15٪ نرخی کارەبا کەم دەکەنەوە. دواتریش نرخی غازی ناوچە پیشەسازییەکانیش کەم دەکەنەوە. هەزار کرێکار و کارمەندی نوێ بۆ کانەکان دادەمەزرێنین. پرۆژەی میترۆی خێرای نێوان ئەنقەرە و سێواس رادەگەیەنین. مژدەمان بۆ پاسەوانەکانی گوند پێیە، موچەی خانەنشینانی پاسەوانەکانی گوند بۆ سەرووی حەوت هەزار و 500 لیرە بەرز دەکەینەوە، کە 42 هەزار کەس لە لێی سودمەند دەبن. پاسەوانانى گوند لەنێو خەڵکی تورکیا و باکورى کورستاندا بە جاشەکان ناسراون.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا لە پاش جەژنى رەمەزان بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات، ئەردۆغانیش دەڵێت، ئەو کاتە سەردانە مەیدانییەکانی بۆ پارێزگاکانی تورکیا دەستپێدەکات، لە کۆتا رۆژی مانگی رەمەزانیشدا لە ناوچەی فیلیۆسی دەریای رەش، مژدە نوێکانمان رادەگەیەنین.
لە پاش بومەلەرزەکانى 6ـى شوبات ئەردۆغان و بەرپرسانى ئاکەپە وەک بەرپرسیار بەرامبەر بە کارەساتەکە تۆمەتبارکران، بەتایبەتى لە روى ئاسانکاری بۆ دروستکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون و تێپەڕاندنى یاساى وەبەرهێنان، کە بەهۆیەوە دەست شل کراوە لە مەرجەکانى دروستکردنى یەکەکاندا و لە بومەلەرزەکاندا هەزاران بینا و باڵەخانە و یەکە تەختى زەوی بوون و زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەردۆغان دەڵێت، لەئێستادا سەرقاڵى ئاوەدانکردنەوەى ئەو پارێزگایانەین و ئێمە هەنگاو بۆ دواوە نانێین. بەردەوامی بە دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا دەدەین کە 20 ساڵە بەردەوامە.
هەرچى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنیشە بەدواى دۆسیەکانى حکومڕانى سەردەمى ئەردۆغانەوەن، رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە جەهەپە، کە رکابەرى سەرەکى ئاکەپەیە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئاکەپە 149 ملیار و 300 ملیۆن لیرەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تەرخان کردووە.
نوسیویەتی، ئەو پارەیەی نابێتە هۆکار کە ئاکەپە بتوانێت خۆی لە شکست رزگار بکات.
پێش چەند رۆژێکیش کەماڵ کڵچدارئۆغلۆ، کاندیدى ئۆپۆزسیۆن گوتى، لە سەردەمى دەسەڵاتى ئاکەپەدا 418 ملیار دۆلار دیار نەماوە، ئەو بەڵێنى گەڕانەوەى دەدات و وەک خۆى دەڵێت، لە هەر گۆشەیەکى ئەم جیهانەدا بێت دەبێت بگەڕێندرێتەوە.