زووم:
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی “فیفا” مافی میوانداریکردنی مۆندیالی لاوانی لە ئیندۆنیزیا سەندەوە و راشیگەیاند، بەمزووانە ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرادەکەن کە لەبری ئیندۆنیزیا میوانداریی مۆندیالەکە دەکات.
ئەگەرچی فیفا لە راگەیەنراوەکەیدا، بە روونی ئاماژەی بە هۆکاری بڕیارەکە نەکردووە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، پەیوەندیی بە هەڵوێستی سیاسیی ئیندۆنیزیاوە هەیە کە رەتیکردووەتەوە رێگە بە بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئیسرائیل بدات لە مۆندیالەکەدا.
هەڵبژاردەی ئیسرائیل یەکێکە لەو 24 هەڵبژاردەیەی کە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی لاوان مسۆگەرکردووە.
حاکمی هەرێمی بالێی ئیندۆنیزیا، کە میوانداریی مۆندیالەکە دەکەن، داوایکردبوو ئیسرائیل لە پاڵەوانێتییەکە دووربخرێتەوە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە تیروپشکی مۆندیال دواخرا لەکاتێکدا بڕیاربوو هەینی رابردوو ئەنجامبدرێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی فیفا، ئەمڕۆ سەرۆکی فیفا و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیندۆنیزیا کۆبوونەتەوە و پاش کۆبوونەوەکە بڕیاری سەندنەوەی مافی میوانداریکردن لە ئیندۆنیزیا دراوە، چاودێرانی وەرزشی دەڵێن پێدەچێت لایەنی ئیندۆنیزیا نەیتوانیبێت قەناعەت بە سەرۆکی فیفا بهێنێت بۆ دورخستنەوەی ئیسرائیل.
فیفا سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی مۆندیالی لاوان لە کات و ساتی خۆیدا و بەنیازیشن بەمنزیکانە ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرابکەن، کە پاڵەوانێتییەکەی تێدا دەکرێت.
هەڵبژاردەی عێراقیش یەکێکە لە هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیال، پاشئەوەی لە جامی لاوانی ئاسیادا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
هەربۆیە یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردەی عێراق لە تیروپشکەکەدا بکەوێتە بەرامبەر ئیسرائیل، بەڵام هێشتا روون نییە لە حاڵەتێکی لەو شێوەیەدا چی روودەدات؟ ئایا عێراق یاری لەگەڵ ئیسرائیل دەکات یاخود رەتیدەکاتەوە و دواتریش لە پاڵەوانێتییەکە دووردەخرێتەوە؟