زووم، ئاژانسەکان:
روسیا دەستیکرد بە مەشق و راهێنان لەسەر یەکێک لە کاریگەرترین موشەکەکانى لە مێژوودا کە ئەویش موشەکى بالیستى “یارس”ى کیشوەربڕە. چەند رۆژێکە هەزاران سەربازى روسیا لە شوێنێکى نەزانراوى وڵاتەکە، مەشق و راهێنانیان لەسەر موشەکەکە دەستپێکردووە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە “بەکۆی گشتی سێ هەزار سەرباز و 300 کەلوپەلی سەربازیی لە مەشقەکاندا بەشدارن”.
ڤلادێمیر پوتینی سەرۆکی روسیا ئامانجییەتی سیستەمی موشەکی کیشوەربڕی یارس بکاتە بەشێک لە چەکە “نەبەزێنراوەکانی” و بەهێزکردنى توانا ئەتۆمییەکانى وڵاتەکەی. ئەم سیستەمەش ئێستا شوێنی سیستەمی موشەکی “تۆپۆ”ی گرتووەتەوە.
موشەکەکە دەتوانێت ماوەی 12 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت
تایبەتمەندییەکانی ئەم موشەکە، کە کێشەکەی 49 تۆنە، ئەوەیە دەتوانێت ماوەی 12 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، بەمەش دەتوانێت هەر خاڵێکى لەسەر گۆى زەوى بوێت بیکاتە ئامانج.
موشەکەکە لەتوانایدایە شەش کڵاوەی ئەتۆمیی بەهێزی 150 هەزار تۆن بەیەکجار هەڵبگرێت، درێژی موشەکەکە 23 مەترە و تیرەکەی 2 مەترە. موشەکەکە بە وزەی بارووت کاردەکات و بەمەش خێراتر دەخرێتە کار، بەشێوەیەک لە ماوەی 30 خولەکدا دەتوانێت بگاتە ئەمریکا.
تایبەتمەندییەکی دیکەی موشەکەکە ئەوەیە کە گەڕۆکە، ئەمەش وادەکات زۆر بە قورسى لەلایەن موشەکی دیکەوە بکرێتە ئامانج، بەشێوەیەک کە خێراییەکەی زیاتر لە 24 هەزار و 500 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.
مەشق و راهێنانەکانى وەزارەتی بەرگریی روسیا لەسەر ئەم موشەکە تازەیە، لە سێ ناوچەی وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچێت کە شوێنەکانیان ئاشکرانەکراوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراین لە شوباتی ساڵی رابردووەوە، مۆسکۆ چەندین مەشقی سەربازیی بە تەنها یان لەگەڵ وڵاتانی وەکو چین و ئەفریقیای باشور، ئەنجامداوە. سەبارى مەشقە سەربازییەکانى لەگەڵ بێلاروسیاى دراوسێیدا کە لە باشورەوە هاوسنورە لەگەڵ ئۆکرایندا.
پوتین ئاشکرایکرد: چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاروسیا جێگیردەکات
هەر لەم هەفتەیەدا پوتین رایگەیاند، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاروسیا جێگیردەکات، هەر وەک چۆن ئەمریکا لە 5 وڵاتی ئەوروپادا جێگیری کردووە.
لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی بێلاروسیا رایگەیاند، پێشوازی لەو چەکە ئەتۆمییە تاکتیکیانەی روسیا دەکات، دەشڵێت، ئەمە وەکو کاردانەوەیەکە لەدژی ئەو فشار و هەڕەشانەی وڵاتانی رۆژئاوا دەیکەن لە جەنگی ئۆکرایندا.
راشیگەیاند “هەماهەنگی سەربازیی نێوان بێلاروسیا و روسیا لەوپەڕی پابەندبوونیدایە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە”.