ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا دەیەوێت دەسەڵاتى بەکارهێنانى هێزى سەربازی لە عێراق هەڵبوەشێنێتەوە کە زیاتر لە سێ دەیەیە لە بەردەم سەرۆکەکانى ئەمریکادا کراوەیە و تائێستاش لە چەند وێستگەیەکدا پەنایان بۆى بردووە.
ئەم هەوڵەى ئەنجومەنى پیران لە رێگەى پرۆژەیاسایەکەوە کە ناوى لێنراوە “جەنگە بێکۆتاکان”، دووشەممەى رابردوو بە 65 دەنگى بەڵێ و 28 دەنگى نەخێر (کە سەرجەم دەنگە نەخێرەکان لەلایەن کۆمارییەکانەوە بوون)، بڕیاردرا پرۆژەیاساکە لە بەرنامەى کاردا پێشبخرێت بەمەبەستى گفتوگۆ و تاوتوێکردنى، بریاریشە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بخرێتە دەنگدانى کۆتاییەوە.
لە ئەمریکا تائێستا دووجار دەسەڵاتى بەکارهێنانى هێزى سەربازی بۆ عێراق دەرچووە، یەکەمیان لە ساڵى 1991بوو کە بەهۆیەوە ئەمریکا سەرۆکایەتى هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى کرد بۆ دەرکردنى سوپاى عێراق لە کوەیت، ئەوى دیکەشیان لە ساڵى 2002بوو کە بەهۆیەوە ئەمریکا توانى لە ساڵى 2003 رژێمى بەعس بڕوخێنێت.
هەر پاڵپشت بەو دەسەڵاتەبوو کە لە ساڵى 2014دا باراک ئۆباما سەرۆکى پێشووترى ئەمریکا، بڕیاریدا بە بەکارهێنانى هێزى سەربازیی لە عێراق دژى چەکدارانى داعش، کاتێک زیاتر لە نیوەى خاکى وڵاتەکەیان کۆنتڕڵکردبوو.
دیموکراتەکان پاڵپشتێکى بەهێزى پرۆژەیاساکەن و “چەک شومەر” سەرۆکی زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجومەنی پیران پێشتر رایگەیاندبوو، “بەر لە دەستپێکى پشووەکانى مانگى نیسان، دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە دەدرێت”.
بۆب مێنێندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران کە لەسەر پشکی دیموکراتەکانە، بە رۆیتەرزى گوتووە “هەڵوەشاندنەوەی ئەم دوو بڕیارە پیشانی ناوچەکە و جیهان دەدات، کە ئەمریکا هێزێکی داگیرکەر نییە، جەنگی عێراق کۆتایی هاتووە، بەرەوپێشچوونمان بەخۆوە بینیوە و وەکو هاوبەشێکی ستراتیژی کار لەگەڵ عێراق دەکەین”.
بەڵام کۆمارییەکان بەتەواوى پشتیوانى لە پرۆژەیاساکە ناکەن و ژمارەیەک لە ئەندامانى کۆماریی ئەنجومەنەکە دژى ئەوەن “کە دەسەڵاتى بەکارهێنانى هێزى سەربازیی لە عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە”، پاساوى ئەم هەڵوێستەشیان بەردەوامى مەترسییەکانى تیرۆر و هەڕەشەکانى ئێران و بریکارەکانیەتى لە ناوچەکەدا.
میچ مەککۆنێل، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران دەڵێت: کۆنگرێس نابێت دەستی سەرکردەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستێتەوە، دەسەڵاتى بەکارهێنانى هێزى سەربازیی لە عێراق گرنگە و لە سوریا گرنگتر “چونکە دەسەڵات دەخشێتە هێزەکانى ئەمریکا بەرگریی لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر هەڕەشەى راستەقینەى گروپە جیاوازەکان” گوتیشى “ئایا پشتیوانانى ئەم هەڵوەشاندنەوەیە بەتەواوى لەوە تێگەیشتوون کە ئەم بڕیارە رەنگە ئەرکەکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر سنووردار بکات؟”.
تائێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانى ئەنجومەنى پیرانە و ئەگەر دواجار پرۆژەیاساکە لەوێ پەسەندبکرێت، ئەوا رەوانەى ئەنجومەنى نوێنەران دەکرێت، هەفتەى رابردووش کیڤن مەکارتی سەرۆکى ئەنجومەنەکە گوتى “پشتیوانى لەم هەوڵە دەکات بە تایبەت کە رێگە دەدات بە مانەوەى بەشێک لە “دەسەڵاتەکانى بەکارهێنانى هێزى سەربازیی” بۆ جەنگى دژى تیرۆر.