بەهۆی میوانداریکردنی شاندێکی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی فەرەنساوە و پێدانی مەدالیای شەرەف بە گوتەبێژانی یەپەگە و یەپەژە، حکومەتی تورکیا باڵیۆزی فەرەنسای لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد.
24ی ئەم مانگە، شاندێکی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ روخسان محەمەد، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و نوری مەحمود، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەردانی فەرەنسایان کرد و لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا.
خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەی شاندەکەدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، باس لە کێشە سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنییەکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان کراوە و ئاماژە بە هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دراوە کە ئارامی هەرێمەکە تێکدەدات و ئەوەش دەکەوێتە خزمەتی رێکخراوی داعشەوە.
دواتر و لە 25ی ئەم مانگەدا، بەبۆنەی نەورۆزەوە، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا ئاهەنگێک سازکرا و شاندەکەی رۆژئاوا بانگهێشتکرا.
بەهۆی شەڕی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەدژی داعش، ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا مەدالیای شەرەفی پێشکەش بە روکسان محەمەد، گوتەبێژی یەپەژە و نوری مەحمود، گوتەبێژی یەپەگە کرد.
ئەو هەنگاوەش، نیگەرانی و حکومەتی تورکیای لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێرڤێ ماگرۆ، باڵیۆزی فەرەنسای لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد.
ئاژانسی ئەنادۆلۆی فەرمی تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسادا، ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسای ئیدانە کرد.
هەروەها، بە باڵیۆزەکەی فەرەنسا گوتراوە کە تورکیا چاوەڕوانی لەو وڵاتە هەیە لە شەڕی دژی پەکەکەدا هاوکاری تورکیا بکات و شەرعیەتی نێودەوڵەتی بە یەپەگە نەدرێت کە درێژکراوەی پەکەکەیە لە سوریا، بەگوتەى بەرپرسانى تورکیا.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان و جێگری سەرۆکی پارتەکەش کاردانەوەی “توند”ـی پیشاندا و گوتی، “ئەم هەنگاوە شەرمێکی گەورەیە بۆ فەرەنسا و دۆستایەتی فەرەنسا و تورکیای کراوەتە ئامانج و بە “توند”ـی ئیدانەى دەکەین.”
مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش لەم بارەیەوە قسەی کرد و دەڵێت، هەر ناوەندێک میوانداری گروپە “تیرۆریستیەکان” بکات، ئەوا لە متمانەی کەم دەبێتەوە. ئەمە سووکایەتیە بە دەوڵەتێکی مۆدێرنی وەک فەرەنسا”.
پشتریش بەهۆی سەردانی سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستانەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکای لە ئەنقەرە کردبوو و دژایەتی خۆی بۆ ئەم جۆرە پەیوەندی و سەردانانە خستبووە روو.