هاوسەرۆکی کەجەکە رایگەیاند، بەهۆی گرنگی هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایارەوە لە تورکیا، تاوەکو دوای هەڵبژاردن بەردەوامیان بە بڕیاری راگرتنی شەڕ داوە.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی پەکەکە گوتی، تورکیا لەنێو پرۆسەیەکی “زۆر گرنگی” هەڵبژاردندایە. پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ کۆمەڵگەی تورکیا و کۆمەڵگەی کوردی “زۆر گرنگە”.
ئەو دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو نییە. واتایەکی مێژوویی هەیە. “تێکۆشانی ئێمەیە کە ئەم دەسەڵاتەی هێناوەتە بەرلێواری لەناوچوون. پرۆسەی هەڵبژاردنیش بەشێکە لەم تێکۆشانە.”
تێکۆشانى بەهێز هەبێت دەسەڵات 14ـى ئایار کۆتایی دێت
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)
هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت، “ئەگەر تێکۆشانێکی بەهێز ئەنجام بدرێت، تێکۆشان فراوان بکرێت، دەسەڵات لە 14ی ئایاردا کۆتایی دێت. بۆیە هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگن، بەم هۆیەوە تاوەکو دوای هەڵبژاردن بەردەوامیمان بە بڕیاری راگرتنی شەڕداوە”.
کەجەکە پێشتر بەهۆى بومەلەرزەکانەوە شەڕى راگرت
رۆژی 10ی شوباتی ئەمساڵدا، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە بانگەوازێکی بەهۆی بومەلەرزەکانی 6ـی شوبات لە باکوری کوردستان و تورکیا راگەیاند و گوتبووی، “بەهۆی بومەلەرزەکانەوە هەموو چالاکییە سەربازییەکانمان رادەگرن، تاوەکو سوپای تورکیا هێرش نەکات، هێزەکانمان هیچ پەرچەکردار و چالاکییەک لە نێو شارەکان، مەترۆپۆلەکان و تورکیا ئەنجام نادەن. پێویستە سەرجەم هێزەکانمان پابەندی ئەم بڕیارە بن”.
بەسێ هۆزات راشیگەیاند، دوای هەڵبژاردنەکان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن و هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی دۆخەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن، بەڵام لە ئێستادا پێویستە گەریلا ئامادە بێت، لەبەرئەوەی دەسەڵات بۆ ئەوەی نەدۆڕێت، هێرشەکانی زیاتر کردووە. گەریلا وڵامی هێرشەکان دەداتەوە و پێویستە هەموو کەسێک و لایەنێک بەباشی لەم دۆخە تێبگات.