زووم، ئاژانسەکان
بەهۆی مانگرتنی کارمەندانەوە، خەریکە تۆڕی گواستنەوەی ئەڵمانیا بەتەواوی دەوەستێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو گەورەترین یەکێتی کارمەندانی وڵاتەکە بۆ زیادکردنی موچەکانیان مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندووە.
شەوی رابردوو کارمەندانی هەریەک لە فرۆکەخانە، بەندەر، شەمەندەفەر، پاس و میترۆ مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاند کە بۆماوەی 24 کاتژمێر بەردەوام دەبێت.
یەکێتی کارمەندەکان داوای زیادکردنی موچەکانیان دەکەن بەهۆی ئەوەی نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی ژیان گرانبووە و ناتوان بەو موچەیەی کە هەیانە بژێوی ژیانیان ببەنەسەر.
سەرەڕای ئەوەی کارمەندانی چەندین دامەزراوەی دیکەی کەرتی گشتیی مانگرتنیان راگەیاندووە، مانگرتنی رۆژی دووشەممە دەبێتە گەرەترین مانگرتن لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لەو وڵاتەدا.
هەزاران گەشتى دوو فڕۆکەخانە هەڵوەشێندراونەتەوە
مانگرتنەکان هێندە فراوانن هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی میونخ و فرانکفۆرتیشی گرتووەتەوە و لە شەوی رابردووەوە هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی هەڵوەشاونەتەوە.
کۆمەڵەی فڕۆکەوانی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی مانگرتنەکانەوە نزیکەی 380 هەزار کەس گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش پێشهاتێکی تازەیەو لە “پێشبینی ئەواندا نەبووە”.
داواکارى سەرەکى زیادکردنى موچەیە
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەڵمانیا روبەڕوی چەندین مانگرتنی بچوکتر بووەتەوە، لەوانەش کارمەندانی کارمەندانی کەرتی فرۆکەوانی، دایەنگە و پەروەردە. هۆکاری سەرەکی مانگرتنەکانیش بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانە لەو وڵاتەدا کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گوزەرانی کارمەندانی وڵاتەکە دروستکردووە.