25
زووم
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لایەنێکی سیاسی لەبەرامبەر دوو کورسیی کۆتا و دەنگی ئاوارەکانی دەشتی نەینەوادا سازشی لەسەر کەرکوک کردووە.
فراکسیۆنی یەکێتی کەمێک لەمەوبەر لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژە بەوەدەکات دەنگیان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان نەداوە، چونکە ئەو ئەو بڕگە و مادانەی پەیوەندییان بە کەرکوکەوە هەبووە لە بەرژەوەندیی کورددا نەبوون.
یەکێتی دەڵێت، بەناچاریی بەشداریی دانیشتنەکەیان کردووە، “چونکە بەبێ ئەوانیش نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو کرابوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەسەندکردنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی بە دەستکەوت ناساندبوو، گوتبووی “سوپاس بۆ خوا بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لابران”.
شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاندبوو، بۆیەکەمجار لە دوای ساڵی 2003ەوە سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاوڵاتیانی شارەکە.
لە بەرامبەردا ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکێتی، دەڵێت ئەگەرچی سەرژمێری ساڵی 1957 کراوەتە بنەما بەڵام دەنگدەرانی رەسەنی کەرکوک لە چەمچەماڵ و کەلار و کفری و دوزرخوماتوو دەکەونە بەردەم مەترسیی سڕینەوە “چونکە بەگوێرەی یاساکە هەر پارێزگایەک بە سنووری ئیداریی ئێستاوە دەبێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی پارتی دەڵێت، ئیدارەی سەرگەڕان لکێنراوەتەوە بە کەرکوکەوە و مافی دەنگدانیان دەبێت لە سنووری پارێزگاکە، لە بەرامبەردا فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، زیادکردنی یەکەی ئیداریی سەرگەڕان بۆ سەر کەرکوک لەسەر داوای ئەوان بووە.
فراکسیۆنی یەکێتی رەخنەی زیاتری لە هەموارکردنەوەی یاساکە هەیە و دەشڵێت، بڕگەیەک بۆ یاساکە زیادکراوە کە سەرژمێری ساڵی 1957 بەتاڵ دەکاتەوە و مافی دەنگدان بۆ عەرەبی هاوردە دەگێڕێتەوە.
“بڕگەیەک بەبێ رەزامەندیی کورد زیادکراوە، کە مافی دەنگدان دەدات بەو کەسانەی پێش ساڵی 2003 فۆرمی خۆراکیان لەسەر کەرکوک بووە، ئەمەش واتە بەتاڵکردنەوەی سەرژمێری ساڵی 1957 و گێڕانەوەی مافی دەنگدان بۆ عەرەبی هاوردە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر دەزگاکانی یەکێتی و پارتی دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، کوردستان بەسەر چوار بازنەدا دابەشبکرێت، بۆ دابەشکردنی کورسییەکانیش پشت بە داتاکانی حکومەتی عێراق ببەسترێت.