زووم، ئاژانسەکان
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکى روسیا رایگەیاند، مانگی تەموزی ئەمساڵ، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە وڵاتی بێلاروسی هاوپەیمانیدا جێگیردەکات. ناتۆ رەخنە لە قسەکانى پوتین دەگرێت و وڵاتانى رۆژئاواش هۆشدارى دەکەن.
بێلاروس وڵاتێکی بچوکە و دەکەوێتە باکوری ئۆکراین و لە رۆژهەڵاتیشدا هاوسنورە لەگەڵ روسیا. جگە لەوەش، لە رۆژئاوادا لەگەڵ سێ وڵاتی ئەندامی ناتۆدا هاوسنورە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پوتین رایگەیاند، قسەى لەگەڵ ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاروس کردووە بۆ جێگیرکردنى چەکى ئەتۆمى تاکتیکى، چەکەکە لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵ دەکرێت و لەژێر دەسەڵاتی بێلاروسدا نابێت.
چەکی ئەتۆمی تاکتیکی، سەرەڕای ئەوەی کە ناوەکەی وشەی “ئەتۆمی” تێدایە، هاوشێوەی چەکی ئەتۆمیی ستراتیژی مەترسیدار و وێرانکەر نییە. بەڵکو چەکێکی ئەتۆمی قەبارە بچوکە و لەمەیدانی شەڕدا بەکاردەهێنرێت، پێچەوانەی چەکی ئەتۆمی ستراتیژی کە بۆ وێرانکردنی ئامانجی گەورەی وەک شارە گەورەکان بەکاردەهێنرێت.
پوتین رایگەیاند، “هیچ شتێکی نائاسایی لەم بڕیارەدا نییە، چونکە ئەمریکا دەمێکە ئەو کارەی کردووە و چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە وڵاتە هاوپەیمانەکانیدا جێگیرکردووە”.
بەهۆی لێدوانەکانی پوتینەوە کیێڤ و وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوا ترسیان هەیە پوتین بیەوێت لە رێگای سنورەکانی بێلاروسەوە هێرشی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بکاتە سەر ئۆکراین، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پوتین و بەرپرسە باڵاکانی روسیا رایانگەیاندووە وڵاتەکەیان ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی هەموو چەکێک بۆ بەگریکردن لە وڵاتەکەیان.
لەروی ژمارەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی روسیا بەرێژەیەکی زۆر لەپێش ئەمریکاوەیە بەشێوەیەک کە نزیکەی دوو هەزار موشەکی ئەتۆمی تاکتیکی هەیە و ئەو رێژەیەش 10 هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە ئەمریکا هەیەتی.
چەکەکە دەکرێت بە چەندین جۆر دروستبکرێت، وەک موشەک، مین، بۆمب و هاوەن.
ئەمریکا 200 پارچە لەم چەکە ئەتۆمییەی هەیە کە نیوەیان لە پێنج وڵاتی ئەوروپادا جێگیرکراون، ئەوانیش ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، تورکیا، بەلجیکا و هۆڵەندان، بەڵام کۆنترۆڵی بەکارهێنانیان لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکادایە.
سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەى یاسا ئەتۆمییەکانی روسیا، بڕیاری بەکارهێنانی هەردوو جۆرەکەی چەکی ئەتۆمی لەدەستی سەرۆکی وڵاتدایە، بەڵام لەکاتی بڕیاردان لەبارەی بەکارهێنانیدا پوتین، دەبێت راوێژ بە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا بکات.
پوتین نازانێت کاردانەوەی ئەمریکا چی دەبێت، پێش بڕیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبێت، بۆیە روسیا ئامادەکاری سەربازیی زۆر بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشیکی پێچەوانە لەلایەن ئەمریکاوە. وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانیش، دەبێت ژێردەریاییەکانی رەوانەی دەریاکان بکات، هێزەکانی هەڵدانی موشەک بخاتە ئامادەباشییەوە و موشەکە ئەتۆمییەکان لەسەر بنکەکانیان ئامادەبکات بۆ هەڵدان. هەموو ئەو رێکارانەش بە ئاشکرا دەبینرێن ئەگەر روسیا بیەوەێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.
لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە، ئادریان واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەوردی چاودێری دەرهاویشتەکانی لێدوانەکانی پوتین دەکات.
راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ ئەوەی خۆمان بخەینە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ چەکی ئەتۆمیی، هەروەها هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە روسیا خۆی بۆ بەکارهێنانیی چەکی ئەتۆمی ئامادە بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جوڵەپێکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەلایەن روسیاوە بۆ بێلاروس، مانای ئەوەیە کە روسیا تەنها لە ئۆکراین نزیک نابێتەوە، بەڵکو لە پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتیڤیا نزیک دەبێتەوە، کە هەرسێکیان ئەندامی ناتۆن. ئەمەش مەترسی لەسەر ئەوروپا دروستدەکات و رێک ئەوشتەیە کە پوتین دەیخوازێت.
لە دوایین کاردانەوەدا، هەریەک لە ناتۆ و ئۆکراین وەڵامی پوتینیان دایەوە. لە راگەیەندراوێکدا ناتۆ گوتەکانی پوتینی بە “مەترسیدار و نا بەرپرسیار” ناوهێنا.
هاوکات ئۆنا لەنگێسکیو، گوتەبێژی ناتۆ رایگەیاند، پێویستە روسیا گوێڕایەڵ بێت و بە باوەڕێکی باشەوە رەفتار بکات.
ئۆکراینیش بەپەلە داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد و داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کرد روبەڕوی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی روسیا بوەستنەوە. داواشی لە بێلاروس کرد خۆی بەدووربگرێت لە بەدیهێنای تاوانی جەنگی و رێگەدان بە جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە وڵاتەکەیدا.
سەبارەت بە بڕیارەکەی بێلاروس، سڤیاتلانا تسیخانۆسکایا، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە رایگەیاند، جێگیرکردنی ئەو چەکانەی روسیا لە وڵاتەکەیاندا پێشێلکاری دەستورە و زۆر بەتەواوی پێچەوانەی خواستی خەڵکی بێلاروسە.
ئەو گوتیشی پوتین دەیەوێت لەو رێگایەوە زیاتر کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان بکات زیاتر بێبەشی بکات لە سەروەری خاکەکەی.