زووم:
وەزارەتی نەوتی عێراق هۆکاری بردنەوەی سکاڵاکەیان لە تورکیا ئاشکرادەکات، کە بەهۆیەوە چیدیکە تورکیا ناتوانێت بەبێ ئاگاداریی عێراق رێگە بە هەناردەکرنی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (26ی ئازاری 2023) رایگەیاند، هۆکاری بردنەوەی سکاڵاکەیان لە تورکیا رێککەوتنێکی 50 ساڵ لەمەوبەری نێوان بەغداد و ئەنقەرە بووە.
بەگوێرەی رێککەوتنێک کە ساڵی 1973 لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا ئیمزاکراوە، پێویستە ئەنقەرە لە پرسی کۆگاکردن و هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا لە رێنماییەکانی بەغداد دەرنەچێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق نۆ ساڵ لەمەوبەر و لەسەر بنەمای ئەم رێککەوتنە، سکاڵای لە دادگایەکی فەرەنسا تۆمارکردووە و تورکیای تۆمەتبار کردووە بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەکەی ساڵی 1973.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەستەی دادوەریی سەر ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری لەسەر دۆسیەکە داوە “چیدیکە تورکیا بەبێ رەزامەندیی عێراق ناتوانێت رێگە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات”.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەیبەوەداوە، دوابەدوای ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوت سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کردووە، شاندەکەی هەرێم پێکهاتووە لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداد.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە نەکردووە، تەنها گوتوویەتی باس لە میکانیزم و پێشهاتە تازەکان کراوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.