زووم، ئاژانسەکان:
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنیدا رێکاری زیاتر بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەى لە سوریا بەئامانج دەگرن، ئێرانیش هەڕەشە دەکات کە وەڵامى هێرشی ئەمریکا دەداتەوە کە بکرێتە سەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆى لە سوریا.
هێرشەکان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 23ی ئازار دەستیانپێکرد، کاتێک درۆنێک بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستان بەئامانج گرت و بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربوونی شەش سەربازی ئەمریکی. رۆژی دواتر لە دێرەزور هێرشکرایە سەر دوو بنکەی دیکەی سەربازی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کێڵگەی کۆنۆکۆ، کە ئەم هێرشەش بووە هۆی برینداربوونی سەربازێکی ئەمریکی.
لە وەڵامدا هێزەکانی ئەمریکا لە رێگای فڕۆکەی جەنگی “ئێف 15” هێرشیکردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە دێرەزور، کە واشنتن گوتی، پێگەی چەند هێزێکی چەکداری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، ئەم هێرشەی ئەمریکا بووە هۆی کوژرانی 19 چەکدار، بەگوێرەى راپۆرتە راگەیەندراوەکان.
سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا ئامادەیە بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێک.
وەڵامی ئێران
دوا بەدوای بایدن، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکای دایەوە و بە “دەستدرێژی و کاری تیرۆری” وەسفی کرد و گوتی، ئەمریکا پێگەی ناسەربازیان بە ئامانج گرتووە.
کەنعانی دەڵێت، بوونی هێزە ئەمریکیەکان لە سوریا نایاساییە و ئەمە داگیرکردنی خاکی سوریایە، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریایە.
کەنعانی گوتی، تۆمەتەکانی ئەمریکا ناراستن و هیچ بنەما و بەڵگەیەکی نییە، ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی ئێرانی لە سوریان، ئەویش لەسەر داوای حکومەتی سوریا بۆ یارمەتیدانیان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر دابینکردنی سەقامگیری.
کەیوان خوسرەوی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران رایگەیاند، وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە بۆ سەر ئەو بنکە ئێرانیانەی لەسەر داوای حکومەتی سوریا لە وڵاتەکەدان، ئەمریکا دەیەوێت بەم تۆمەتانە خۆی بدزێتەوە لە سزای داگیرکردنی خاکی سوریا.
سوریا تەنها ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد لە دێرەزور.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا دەڵێت، ئەمریکا راستناکات لەبارەی بەئامانجگرتنی پێگەکانی و دەبێت “داگیرکاری ئەمریکا” کۆتایی پێبهێنرێت.