زووم، ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسانی كەرتی نەوتی عیراقی، بە ئاژانسی ” رۆیتەرز”یان راگەیاندووە، كە عێراق دۆسییەكی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دژی توركیا بردۆتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە ململانێی لەسەرە ، دۆسیەكەش پەیوەستە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای توركیاوە.بەرپرسەكەی کەرتی نەوتی عێراق ئەوەشی ئاماژەی بەوەکردووە، توركیا بە عێراقی راگەیاندووە، كە رێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرێت.
دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس، ئەمڕۆ شەممە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كێڵگەكانی باكوری كەركوك ڕاگیرا.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە دەست ئاژانسی رۆیتەرز كەوتووە،بەرپرسانی كۆگای توركیا فەرمانبەرانی عێراقیان لە بەندەری جیهان ئاگادار كردۆتەوە،كە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق، رێگا بە هەناردەكردنی هیچ كەشتیەكی نەوتی هەرێم نادرێت.
دۆسیەكەی ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2014)، ئەوكات حکومەتی عێراق توركیای تۆمەتبار كرد بەوەی پێشێلی رێكەوتننامەی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە، بەوەی كە رێگا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، نەوتی خۆی لە رێگای بۆری بەندەری جیهانەوە هەناردە بكات، هەروەها بەغداد هەناردەی نەوتی هەرێم بە نایاسایی لە قەڵەمدەدا.
وەزارەتی نەوتی عیراق: بڕیاری كۆتایی رۆژی پێنج شەممە لە بەرژەوەندی عیراق كۆتایی هاتووە
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراقیش دەڵێت” عێراق بە فەرمی لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیەوە ئاگاداركراوەتەوە، كە بڕیاری كۆتایی رۆژی پێنج شەممە لە بەرژەوەندی عیراق كۆتایی هاتووە”.
بەگوتەی بەرپرسەكە، عێراق لای خۆیەوە هەناردەی نەوتی كێلگەكانی باكوری كەركوكی لە رێگای بۆرییەكەوە راگرتووە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، عێراق رۆژانە لە رێگای ئەو بۆرییەوە (370) هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی هەناردە كردووە، هەروەها (75) هەزار بەرمیل نەوتی خۆیشی لە هەمان بۆرییەوە هەناردە كردووە.
بەرپرسێكی دیكەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆیتەرزی وتووە، كە” بەم زووانە شاندێك لە وەزارەتی نەوتی عێراق، سەردانی توركیا دەكات و چاوی بە بەرپرسانی كەرتی وزەی توركیا دەكەوێت، بۆ ئەوەی لەسەر میكانیزمێك ڕێكبكەون، بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی” باكوری عێراق” كە هاوتا بێت لەگەڵ بڕیارەكەی دادگا”.
لە ڕێكەوتننەوە بۆ ناوبژیوانی:
بۆری نەوتی عێراق- توركیا بەگوێرەی رێكەوتنێكی دوولایەنە دروستكراوە، گەشەی پێدراوە، بەئامانجی ئەوەی عێراق بتوانێت رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگای بەندەری جیهانەوە هەناردە بكات.
هەردوو وڵات لە ساڵی (1973)دا رێكەوتنێكیان لەسەر بۆری عێراق- توركیا واژۆ كردووە، هەروەها لە ساڵەكانی (1976و1985 و 2010) رێكەوتنەكەیان درێژ كردۆتەوە، لە رێكەوتنەكەدا بە دەق هاتووە” كە پێویستە حكومەتی توركیا رێنماییەكانی عێراق پەیوەست بە جوڵەی نەوتی خاوی عیراق جێبەجێ بكات، ئەمەش شوێنەكانی كۆگاكردن و پاڵاوتن و وێستگەی كۆتایی دەگرێتەوە”.
هەروەها لە ساڵی (2010) كە رێكەوتنەكە درێژ كرایەوە، توركیا بۆ لایەنی عێراقی دووپات كردۆتەوە، كە ” وەزارەتی نەوتی كۆماری عیراق” لایەنی پەیوەندیداری هەناردەی نەوتە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەلاتی نزیك، تورکیا رێگای بە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە، كە بەسەربەخۆ نەوت هەناردە بكات، هەروەها لە شارۆچكەی فیشخابوور هێڵی نەوتی كوردستانی بە هێڵی نەوتی عێراق- توركیا بەستۆتەوە، لەو كاتەوە حكومەتی هەرێمی توانیویەتی راستەوخۆ نەوتەكەی هەناردەی بازاڕەكان بكات و داهاتەكەشی هەڵبگرێت، بەڵام بەغداد بە نایاسایی ناوزەندی كردووە.
لە مانگی ئایاری 2014، ناكۆكیەكە زیاتر پەرەیسەند، كاتێك كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوت، لەبری وەزارەتی نەوتی عیراق، سكاڵایەكی بۆ ” ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی” بەرزكردەوە، سكاڵا لێكراو حكومەتی توركیا و كۆمپانیای ” بۆتاش”ی حكومی بوو.
لە سكاڵاكەدا هاتووە: توركیا و كۆمپانیای بۆتاش پابەندییان بە ڕێكەوتننامەی هێڵی بۆری عێراق- توركیا پێشێل كردووە
لە سكاڵاكەدا هاتووە” لە گواستنەوەی نەوتی خاو و كۆگاكردنی نەوتی كوردستان، كە لە بەندەری جیهانەوە هەناردە دەكرێت، هەموو ئەمانە بەبێ رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عیراق بووە، توركیا و كۆمپانیای بۆتاش پابەندییان بە ڕێكەوتننامەی هێڵی بۆری عێراق- توركیا پێشێل كردووە”.
پەیمانگاكە لەو باوەڕەدایە كە، توركیا پابەندە بە رێزگرتن لە بریاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەم بڕیارە بوار بۆ حكومەتی ناوەند دەكاتەوە، كە لە دانیشتنەكانی دیكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی، داوای قەرەبووش بكاتەوە.
گورزێكی بەهێزە:
مایكڵ نایتس، شارەزای بواری سەربازی و ئەمنی لە عێراق و ئێران و وڵاتانی كەنداوە،لە وتارێكی شیكاریدا كە لە ماڵپەڕی پەیمانگای واشنتۆن بڵاوی كردۆتەوە، پێی وایە، بریارەكەی دادگا كە لە بەرژەوەندی عێراق بوو، گورزێكی بەهێز لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و سیاسەتەكانی دەدات.
دەشڵێت:” زیان لە خۆ بەگەورەزانینی رەجەب تەیب ئەردۆگان دەدات، لە كاتێكدا ئابوری لە وڵاتەی داڕماوە”.
هەرچی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانیش، نایتس پێشبینی دەكات، كە” كورد و هاوبەشە بازرگانەكانیان لە كەرتی نەوت هاندەدات كە نەوت هەناردە بكەن، بەڵام هەر هەرەشەیەك رووبەڕوویان ببێتەوە، ئەوە بەرهەمهێنان رادەگرن، ئەگەر هەردوو لایەنەكە بۆری نەوتی عیراق- توركیا دابخەن، ئەوە بازاڕەكانی جیهان لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە دەستدەدات”.