زووم:
شاندێکی سیاسی و سەربازیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سەردانی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا دەکەن و ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن لەبارەی رووداوەکەی جندرێس “کە تیایدا چوار هاوڵاتی لەلایەن گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە تەقەیان لێکرا و بوونە قوربانی، لەکاتێکدا سەرقاڵی کردنەوەی ئاگری نەورۆز بوون لە سەربانی ماڵەکانیاندا”.
شاندی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، پێکهاتبوو لە بەدران چیا کورد گوتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی خۆبەڕێوەبەری، عەبدولکەریم عەمەر نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە ئەوروپا، روکسان محەمەد گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، نوری مەحمود گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و خەلیل عیسا نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە فەڕەنسا، لەلایەن سیناتۆر پیێر لۆرانت لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا لە پاریس پێشوازییان لێکرا.
راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا بە گشتی باسی قەیران و شەڕی ١٢ ساڵەی سووریا و چارەسەری سیاسی کراوە.
شاندی رۆژئاڤا، باسی لە کێشە، سیاسی، ئابووری، مرۆیی و ئەمنییەکان کردووە کە خۆبەڕێوەبەرێتیەکەیان روبەڕوی دەبێتەوە و رایگەیاندووە، شاندەکە گوتوویانە هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئارامیی هەرێمەکە تێکدەدات و ئەوەش دەکەوێتە خزمەتی رێکخراوی داعشەوە.
شاندەکەی رۆژئاڤا لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا باسیان لە رووداوەکەی جندرێس کردووە، نیگەرانیی خۆیان گەیاندووەتە بەرپرسانی فەرەنسا بەهۆی ئەوەی چوار هاوڵاتیی کورد لەکاتێکدا سەرقاڵی کردنەوەی ئاگری نەورۆز بوون لە سەربانی ماڵەکانیان، بەڵام لەلایەن گروپێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
لە بەرامبەردا، بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سیناتۆر پیێر لۆرانت باسی لە رۆڵی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە لە شەڕی دژی داعش و سەرەخۆشیشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە کردووە کە لە جندرێس کوژراون و هەروەها ئەوانەی بەهۆی بومەبەرزەکانی شەشی شوباتەوە گیانیان لەدەستداوە.
سیناتۆر پیێر لۆرانت رایگەیاندووە، ئەوان هاوکاریی خۆبەڕێوەبەری دەکەن و پێکەوە هەوڵ دەدەن لەدژی تیرۆر بوەستنەوە و چارەسەرییەکی ئاشتییانە و دیموکرات بۆ سوریا فەراهەم بکەن.