زووم:
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە تاوەکو رێگریی لە ئەگەری روودانی هەر ساختەکارییەک بکەن لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری وڵاتەکەدا.
پرسی ساختەکاری و پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان لە تورکیا “هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو” مشتومڕی لێکەوتووەتەوە، پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەر لە هەدەپە و جەهەپەوە تاوەکو ئیی پارتی (پارتی باش) ئامادەکارییان کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان.
هەدەپە 120 هەزار کەسی ئامادەکردووە
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، ئاشکرایکرد مافی ئەوەیان هەیە 120 هەزار نوێنەریان لە ناوەندەکانی دەنگداندا هەبێت و گوتی، “لەمێژە ئەو 120 هەزار کەسەمان ئامادەکردووە”.
مەڕال دانش بەشتاش، باسی لەوەشکرد لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەماهەنگییان کردووە تاوەکو پێکەوە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار بکەن.
بەشتاش داوای لە چاودێرانی پارتەکەی کردووە، لە بەرامبەر ئەگەری دەستوەردانەکانی ئاکەپە – مەهەپەدا زۆر هۆشیار بن، هاوکات داوای لە رێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش کرد لەوبارەیەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و خاوەنداریی لە دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتیان بکەن.
جەهەپە: چاودێریی ناوی مردووان دەکەین
جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دەڵێت هەوڵەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف بەردەوامە “بۆ ئەو مەبەستە تۆماری دەنگدەرانی ناوخۆ و دەرەوە لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وەردەگرین و گۆڕانکارییەکان لە ناوی دەنگدەران لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە کۆنتڕۆڵ دەکەین”.
وەکو ئەوەی لە تورکیاش ترس هەبێت لە سڕینەوەی ناوی مردووان، جێگری سەرۆکی جەهەپە گوتی، تۆماری تازەی دەنگدەران بەراورد دەکەین لەگەڵ تۆمارە کۆنەکەدا و بە وردیی چاودێریی ناوی ئەو کەسانە دەکەین کە کۆچی دواییان کردووە.
ئونورسال ئادیگوزەل جەختلەوەدەکاتەوە، کە تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەن ئەگەرهاتوو ئەو ئەنجامەی کۆمسیۆن رایدەگەیەنێت جیاوازبێت لەو ئەنجامەی لەلایەن نوێنەرەکانیانەوە پێیان دەگات. ئونورسال دەڵێت، نزیکەی 250 کەسیان تەنها بۆ ئەوە دامەزراندووە ئەنجامە بەراییەکانیان بۆ بنێرن.
پارتی باش: دەستمان بە راهێنان کردووە
پارتی باش، کە یەکێکی دیکە لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا، ئامادەکاریی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان کردووە و دەستی بە راهێنان بە چاودێرەکانی کردووە.
بورجو ئاکچارو بەرپرسی پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدانی ئیی پارتی (پارتی باش)ە، دەڵێت، “راهێنانمان بە چاودێرەکانمان کردووە. لە ئێستادا سەرقاڵی پێداچوونەوەین بە تۆماری دەنگدەران، هەر هەڵەیەک ببینرێت، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر و ئاشکرای دەکەین”.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا، بە شێوەیەکی بازنەیی بەڕێوەدەچێت و هاوڵاتیان لە چوارچێوەی پارێزگاکانی خۆیاندا دەنگ دەدەن. ئەم سیستمەش وایکردووە، پارتە سیاسیەکان بزان، رێژەی دەنگیان لە پارێزگاکان چەندە.
بەر لە هەڵبژاردنەکان، ئەندام و بەڕێوەبەرانی پارتەکان، ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک، سەردانی هاوڵاتیان دەکەن و رێژەی دەنگدەرەکانیان دیاری دەکەن و لە ئەگەری کەمی رێژەی دەنگەکانیان، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەگەر ساختەکارییەک ببینن، تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەن.