زووم، ئاژانسەکان
ئێران بە درۆن و ئەمریکا بە فڕۆکەى جەنگى لە سوریا هێرشیان کردە سەر یەکدى؛ لە لایەنى ئەمریکى بەڵێدەرێک کوژرا و لە لایەنى ئێرانیش هەشت هەس کوژراوە، وەک روانگەى سورى بڵاویکردووەتەوە.
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، دوێنێ، بەهۆى کەوتنەخوارەوەى درۆنێک لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا (حەسەکە) کە گومان دەکرێت سەر بە ئێران بێت، بەڵێندەرێکى ئەمریکى کوژرا و پێنج سەربازى دیکە برینداربوون.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى پنتاگۆن، درۆنەکە لە دامەزراوەیەکى نیشتەجێبوونى کارمەندانى ئەمریکادا کەوتووەتەخوارەوە.
بە بڕیارى سەرۆک بایدن هێشەمان ئەنجامداوە
هاوکات لوید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لە وەڵامى هێرشەکەدا، ئێمەش هێرشی ئاسمانیمان کردەسەر ئەو دامەزراوانەى کە گروپەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی سوریا بەکاریان دەهێنن.
ئەو دەڵێت، هێرشەکەى ئەمریکا “بە بڕیارى سەرۆک بایدن” کراوەتە سەر ئەو گروپانە.
لە هێرشەکەى ئەمریکادا هەشت “میلیشیاى ئێرانى کوژراون”
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لەبارەى هێرشەکە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە هێرشەکەى ئەمریکادا هەشت “میلیشیاى ئێرانى کوژراون”.
جیهاد نەبۆ، زوومى رۆژئاڤا دەڵێت، ئەمریکا هێرشەکەى لە دێرەزور ئەنجامداوە.
وەزیرى بەگرى ئەمریکا دەڵێت، گروپەکانى سەر بە ئێران بەمدواییە ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر هاوپەیمانان.
ئاماژەی بەوەشداوە، “سەرۆک بایدن بە روونی گوتی، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان، بۆیە هەمیشە لە هەر کات و شوێنێکدا بێت وەڵامی خۆمان دەدەینەوە”.