کشانەوەى تورکیا لە عەفرین، یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندەرانى سێ رۆژى رابردووى هاوڵاتیانى رۆژئاڤاى کوردستانە.
عەفرین، کە ساڵى 2018 لەلایەن سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانى نزیکییەوە کۆنترۆڵکرا، بەدرێژایی ئەو پێنج ساڵە دەنگى ناڕەزایەتى دژى تورکیا بیستراوە، بەڵام رووداوەکەى ئێوارەى نەورۆزى جندرێس ناڕەزایەتییەکانى گەیاندە لوتکە.
رووداوەکە بەوشێوەبوو، کە بەهۆى کردنەوەى ئاگرى نەورۆزەوە پێنج هاوڵاتى کورد لەلایەن چەکدارانى گروپی ئەحرارشەرقییە وە کوژران.
لە دواى کۆتاییهاتنى چەکدارانى داعش، بەرپرسانى رۆژئاڤاى کوردستان سوپاى تورکیا وەک دیارترین مەترسی بۆسەر خۆیان ناودەبەن، هەمیشە چاوەڕوانی هاتنى تورکیان لە نیوەشەوێکدا، وەک رەجەب تەیبت ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بانگەشەى بۆ دەکرد.
سوپاى تورکیا عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی و چەند ناوچەیەکی دیکەى رۆژئاڤاى کوردستانى، چەندین ساڵە کۆنترۆڵکردووە، هەوڵى کۆنترۆڵکردنى زیاتریشى داوە.
دورخستنەوەى مەترسیییە سنورییەکان و باڵادەستى پەکەکە دیارترین ئەو هۆکارانەن کە حکومەتەکەى ئاکەپە و مەهەپە وەک بیانوى هێرشکردنە سەر رۆژئاڤا باسی دەکەن، بەڵام ئێستا ئەو دوو لایەنە دەسەڵاتدارەى تورکیا لەبەردەم هەڵبژاردنێکى یەکلایکەرەوەدان، کەمال کچڵدارئۆغلۆ رکابەرى ئەردۆغانە، کە بانگەشەى کۆتاییهێنان بە هێزى تورکیا لە سوریا دەکات.
کەمتر لە دوو مانگى دیکە هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆکایەتى تورکیا بەڕێوەدەچێت، پەیوەست بە هەڕەشەکانى سەر رۆژئاوا دوو ئاراستە دەبینرێت:
یەکەم، ئەگەر ئاکەپە و مەهەپە سەرکەوتوو ببن و ببنەوە بە دەسەڵاتدار، هەموو هەوڵێکى ناوچەیی و نێودەوڵەتى دەدەن بۆ زیاتر چوونە نێو خاکى رۆژئاڤا.
ئاراستەى دووەم، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت، پێدەچێت هێرشەکان کۆتاییان پێبهێندرێت، وەک کلچدارئۆغۆ بە هەدەپەى گوت، تاوەکو ئاشتى هەبێت بۆچى شەڕ بکەین.
هاوپەیمانی گەل کە پارتی گەلی کۆماری بە سەرۆکایەتی کلچدارئۆغلۆ، پێکهاتەی سەرەکییەتی، وەک بانگەشەى بۆ دەکەن کارنامەیەکی جیاوازی هەیە کە یەکێک لەوانە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیایە لەگەڵ حکومەتی سوریا.
کلچدارئۆغلۆ، لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپەدا گوتى، دەیەوێت گرژی و شەڕ کەم بکاتەوە.
ئەو، مانگی رابردوو سەردانی ناوچەی رەیحانلی دیلۆکی سەر سنوری سوریای کرد و گوتى، دەیانەوێت لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو ئاوارە سورییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
تورکیاى پێنج ساڵى رابردوو نەیتوانییوە پشتیوانى خۆى لە گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا بشارێتەوە، کە لە عەفرین، گرێ سپی ، سەرێکانی و ئیدلیبى سوریا جێگیربوون، بەڵام ئەگەر سەرۆکى جەهەپە دەسەڵات بگرێتەدەست، پێشبینى بەهێز ئەوەیە، کۆتایی بەو پشتگیرییە بهێندرێت، چونکە جەهەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە و بانگەشەی عەلمانیەت دەکات.
بۆیە ئەگەر ئەردۆغان شکستبهێنێت، چاوەڕوانى حوکمڕانییەکی عەلمانی بۆ داهاتووى تورکیا دەکرێت و شەڕ کەمدەکرێتەوە، وەک کچڵدارئۆغلۆ بانگەشەى بۆ دەکات، هەر ئەوەش وایکردووە رۆژنامەى سەباحی نزیک لە ئاکەپە، ئەمڕۆ نوسی “کڵچدارئۆغلۆ بووەتە کاندیدى قەندیل”