وشکە کەڵەک ئەو دیوارەیە کە جوتیارەکان بە دەوری کێڵگەکانیاندا دروستی دەکەن، تایبەتمەندیی ئەم دیوارە ئەوەیە کە بەردەکان لەسەریەک و بە هاوسەنگیی دادەنرێن و هیچ مادەیەکی لکێنەریان پێوە نانوسێنرێت. گۆڤارێکی ئەمریکی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە و وشکە کەڵەکە دەچوێنێت و زیاتر لەوەش دەڵێت، وشکە کەڵەکەکە لە رووخاندایە.
گۆڤاری فۆرن پۆلسی ئەمریکی، دەڵێت، هەرێمی کوردستانی عێراق سەردەمانێک وەک خاڵێکی گەشاوەی سەوز دەردەکەوت بەڵام ئێستا بەرەو زەردبوون دەچێت.
زیاتر لە 33 ساڵە کورد دۆستی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایە، لە دوای روخانی سەدام حسێنیشەوە، هەرێمی کوردستان وەکو دورگەیەکی دیموکراسی و ئابورییەکی گەشەکردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراست تەماشاکراوە، بەڵام ئێستا ئەو دیمەنەی جارانی نەوەماوە.
فۆرن پۆلسی دەڵێت، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر حزبەکاندا دابەشبوون، ئازادیی رادەربڕین لە دۆخێکی خراپدایە، نایەکسانیی ئابووریی و کەمیی دەرفەتی کار بۆ هاڵاتیان رەگی داکوتیوە، ئەمەش شەپۆلی کۆچی گەنجانی بۆ دەرەوەی وڵات زیادکردووە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە بە جۆرێک شەرحی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات کە روبەڕوی قەیرانی شەرعیەتی دیموکراسی بووەتەوە، رەخنە لە وڵاتانی رۆژئاواش دەگرێت کە لەبری ئەوەی لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئەم هەرێمە بکات بەهۆی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، بەڵام دێت و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییە سیاسی و سەربازییەکان و زیاتر بەهێزیان دەکات.
فۆرن پۆلسی باس لە شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، دەسەڵات لە دەستی دوو حزبی حکومڕاندایە کە یەکێتی و پارتین. پارتی، هەولێر و دهۆکی کۆنتڕۆڵکردووە و یەکێتیش سلێمانی. پەیوەندییە حزبییەکان کلیلی دەستکەوتنی کار و دانانی بزنس و بردنەوەی دۆسیەی یاسایین. لەوەش زیاتر پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە هەر زۆنێکدا لایەنگیرییان بۆ حزبەکان هەیە.
گۆڤارەکە زیاتر چووەتە وردەکارییەکانەوە، نووسیویەتی، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەری کێشاوە بۆ خاڵە سنورییەکان، بەجۆرێک دەیانەوێت داهاتی ناوخۆی خاڵە سنورییەکان و باج لەنێوانیاندا دابەش بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازی نەوت و گاز و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدادا بەڕێوە ببەن، ئەم ناکۆکیانەی نێوان هەردوو حزب، پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگەی وەستاندووە کە پرۆسەکە بۆ ئەوەیە پێشمەرگە ببێتە هێزێکی شەڕکەری یەکگرتوو، ناسیاسی و مۆدێرن.
ناکۆکی پارتی و یەکێتی هەڵبژاردنی دواخست و تەمەنی پەرلەمانی درێژکردەوە.
ئەم دوو حزبە بەهۆی رێکنەکەوتنیان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان دواخست، کە بڕیاربوو لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەڕێوەبچێت.
کێشەکانی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتنە ئاستێک، ساڵانە چەندین خانەنشین لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی موچەکانیاندا گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی، رێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە لەسەدا 16، ئەم رێژەیە لەناو گەنجاندا زۆر لەوە زیاترە.
یەکێتی و پارتی ئازادی رادەربڕینیان لە زۆنەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیاندا سنوردارکردووە، بە زەبری هێز رێگریی لە خۆپیشاندان دەکەن. رۆژنامەنوسان بە بەردەوامی دەستگیردەکرێن یان رێگرییان لێدەکرێت روماڵی رووداوەکان بکەن، تەنها لە ساڵی رابردوودا 431 پێشێلکاریی لە دژی رۆژنامەنووسان تۆمارکراون.
مانگی شوبات، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر هۆشداریدا لە پاشەکشەی هەرێم لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، توندوتیژی جێندەریی، سەروەریی یاسا، یەکسانیی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و رەخساندنی دەرفەت بۆ کەمینە نەتەوایەتییەکان.
ئەم پاشەکشەیەی هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و دیموکراسییەوە، دەرەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازییە، کە لەلایەن سەرکردەکانەوە پەیڕەودەکرێت.
ئەمریکا و هاوبەشە رۆژئاواییەکانی، دەسەڵاتی زۆریان بەسەر حکومەتی هەرێمدا هەیە، بەڵام پێناچیت بیانەوێت بەکاری بهێنن. بۆ نموونە بەردەوام جەخت لەسەر چاکسازییەکان دەکەنەوە لە هێزی پێشمەرگەدا، بەڵام ئەمە تاوەکو ئێستا رووینەداوە و پێشمەرگە هەر دوو پێشمەرگەیە و نەبووە بە یەک. ئەمە لەکاتێکدایە واشنتن هاوکاریی ماددی بۆ پێشمەرگە دابین دەکات و دەتوانێت ئەمە مەرجدار بکات بە ئەنجامدانی چاکسازیی بۆ چارەسەریی دۆخەکە، بەڵام نەیکردووە. هەروەها هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد و هاوبەشە بازرگانییەکانیان لە وڵاتانی رۆژئاوادا سەروەت و سامانی بەرچاویان هەیە، کە دەکرێت بۆ رێگریکردن لە گەندەڵیی، بکرێنە ئامانج.
فۆرن پۆلسی دەڵێت، پێویستە بەرپرسانی رۆژئاوا بە ئاشکرا باس لەو گەندەڵیی و پێشێلکارییانە بکەن و بەرگریی لە مافەکانی ژنان و رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان بکەن.