وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی “ناڕوون” لەبارەی مووچە و 400 ملیار دینارەکە بڵاودەکاتەوە، لە “روونکردنەوەکەدا” فەرمانبەر و موچەخۆران وەڵامی ئەوەیان دەستناکەوێت کە ئایا مووچەی مانگی ئازار کێشەی تێدەکەوێت یاخود بەردەوامبێت “کە پرسیاری سەرەکیی خەڵکە”.
پاڵنەری سەرەکیی بۆ ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی دارایی “وەکو خۆیان ئاماژەیان پێداوە”، بڵاوبوونەوەی هەواڵێکە لە سۆشیالمیدیا “گوایە ئەو 400 ملیار دینارەی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە هەرێم، دراوەتەوە بە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و بۆ مووچە خەرجناکرێت”.
وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکی چوار خاڵیدا، نە زانیارییەکانی رەتکردووەتەوە و نە پشتڕاستیشی کردوونەتەوە، بە کۆی گشتی باسی لەوە کردووە 400 ملیار دینارەکە بۆ مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی 2022 بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام بە چەند هۆکارێک دواخراوە و سەرەتای ئەم مانگە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە. “بەڵام ئەمە وەڵامێک نییە بۆ ئەو هەواڵەی لە سۆشیالمیدیا بڵاوبووەتەوە”.
لە خاڵی دووەمی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە لێدوانێکی وەزیری دارایی داوە لە 14ی ئازاردا کە گوتوویەتی “400 ملیار دینارەکە بۆ مووچە هاتووە و بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرجناکرێت، موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەشدەکرێت”، بەڵام روونکردنەوەکە ئاماژەی بەوە نەوەداوە ئایا ئێستاش جەخت لەسەر لێدوانەکەی 14ی ئازاری وەزیری دارایی دەکەنەوە و مووچەی مانگی ئازار بە بێ کێشە دابەشدەکرێت یاخود نا؟ چونکە خاڵەکانی یەکەم و چوارەمی روونکردنەوەکە ئاماژەیەکی پێچەوانەی تێدایە، وا دەخوێنرێتەوە کە ئەو 400 ملیار دینارە بۆ مانگەکانی رابردوو هاتووە و پەیوەندیی بە مووچەی مانگی ئازارەوە نییە.
دەقی روونکردنەوە چوار خاڵییەکەی وەزارەتی دارایی:
ڕونکردنەوەیەک لەڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە
لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.
١- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕۆژی ١٤ ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.
٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە.
٤- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.