زووم، سکاى نیوزعەرەبى:
سەرئێشە لە یەکەم رۆژى مانگى رەمەزاندا سکاڵایەکى بەربڵاوە لاى زۆرێک لە رۆژووانان، دڵەڕاوکێ و نیگەرانى زۆرى لێدەکەوێتەوە بە تایبەت کە ناتوانن لە رۆژدا هیچ دەرمانێک بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکەیان بخۆن، بەڵام بەزانینى هۆکارەکانى سەرئێشە لە رەمەزاندا و چۆنیەتى رزگاربوون لێى، دەتوانیت بەردەوام بیت لە بەرۆژبووبوون لە باشترین دۆخى تەندروستییدا.
د. فەرحەت فەزلون، بە ماڵپەرى “سکاى نیوزعەرەبى” گوتووە، لە سەرەتاى رەمەزاندا سەرئێسە و تینوێتى دیاردەیەکى بەربڵاوە لاى زۆرینەى رۆژووانان، ئەمەش دۆخێکى سروشتییە، چونکە ئەو کەسانە لە ژیانێکى ئاساییەوە دەگوازنەوە بۆ قۆناغى بەرۆژبوون، کە دەتوانرێت بە رێگەیەکى سادە و ئاسان و بە جێبەجێکردنى سیستمێکى خۆراکى دروست، لەم گلەییان رزگاریان بێت.
چارەسەرى سەرئێشە
ئامۆژگارییەکانى د. فەزلون بۆ رۆژووانان:
- پێویستە خواردنى تەندروست و هاوسەنگ بخورێت، بە جۆرێک پرۆتین و چەورى بە سوود و بڕى پێویست لە کاربۆهیدرات و نیشاستە لەخۆبگرێت.
- دەبێت لە نێوان بەربانگ و پارشێو لانیکەم 10 پەرداخ ئاو بخورێتەوە، ئەمە سەربارى خواردنى شلەمەنییە تەندروستەکان بە بڕى پێویست.
- فەرامۆش نەکردنى ژەمى پارشێو، چونکە زۆر گرنگە بۆ رۆژووانان و وزەى پێویست بۆ جەستە دابین دەکات کە بە درێژایی کاتژمێرە درێژەکانى بە رۆژبوون پێویستى پێى دەبێت.
- خەوتن، دەبێت لانیکەم 7 کاتژمێر بخەویت، تاوەکو بە درێژایی رۆژ لە کەمخەویی و سترێس دووربکەویتەوە.
رزگاربوون لە تینوێتی
سەبارەت بە هەستکردن بە تینوێتى لە ماوەى مانگى رەمەزاندا، د. فەزلون جەختدەکاتەوە، کە بەرزى پلەى گەرما لە لایەک و هەندێک لە خووە خۆراکییە هەڵەکان لە لایەکى دیکەوە، رۆڵى گەورە دەبینن لە هەستکردن بە تینوێتى، پێویستە ئامۆژگارییەکان بە وردى جێبەجێ بکرێن تاوەکو لەکاتى بەرۆژبووندا بەسەر ئەم هەستەدا زاڵبین.
پێویستە سەوزەوات و میوەى تازە بخورێت، ئەو خۆراکانەى کە بڕێکى باش لە ئاو و ریشاڵیان تێدایە تاوەکو بۆ ماوەیەکى زۆر لە ریخۆڵەدا بمێننەوە، هەروەها هەستکردن بە برسێتى و تینوێتى کەم دەکەنەوە، سەبارى خواردنەوەى ئاو لە کاتە جیاوازەکانى شەودا.
هەروەها پێویستى دوورکەوتنەوە لە خواردنە سوێرەکان و ترشیات و پەنیرى سوێرکراو، چونکە ئەم خواردنانە پێویستى جەستە بە ئاو زیاتر دەکەن و دەبنە هۆى هەستکردن بە تینوێتى.