سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەڵێت، ئاکەپە و ئەردۆغان بۆ کورد، دەفتەرێکی رەشی داخراون و هیچیان پێنییە. بڕیارەکەى هاوپەیمانى رەنج و ئازادیش بۆ پێشکەشنەکردنى کاندیدى سەرۆکایەتى تورکیا بە راست ناودەبات.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وڵامی پرسیارەکانی شیرین پایزین، پێشکەشکاری کەناڵی “هالک تی ڤی” دایەوە و ئاماژەی بە کەشی هەڵبژاردن لە تورکیادا.
چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:
- هاوپەیمانی رەنج و ئازاری راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی نابێت، بەڵام راینەگەیاند کە پشتگیری لە بەڕێز کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل دەکەن یان نە! بۆچوونى ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
دەمیرتاش: هاوپەیمانی رەنج و ئازادی هەنگاوێکی ناوە و رایگەیاند کە کاندیدیان نابێت، بەڵام ئاشکرای نەکرد کە پشتگیری لە کام کاندید دەکەن. لە داهاتوودا ئەگەری هەیە کە هەنگاوێکی بەم شێوەیە بنرێت، بەڵام لە ئیستادا وەهایان بە باش زانی کە ناو ئاشکرا نەکەن، پێویستە رێز لەم بڕیارە بگیرێت. منیش ئەم بڕیارە راست دەبینم.
- دادگای دەستووری تورکیا، داواکاری هەدەپەی بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگا لەبارەی بەرگریکردن لەخۆی بۆ دوای هەڵبژاردن رەت کردەوە. بە رای ئێوە بڕیاری دادگا، بە واتای ئەوە نایەت کە سوورن لەسەر داخستنی هەدەپە؟
دەمیرتاش: ناتوانرێت پێشبینی بکرێت کە دادگای دەستووری چی بڕیارێک دەدات. لەبەرئەوەی دادگای دەستووری بەگوێرەی یاساکان ناجووڵێتەوە. بڕیارەکانی هەموو دەستوەردانە لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان. بەڕاستی دۆخی دادگای دەستووری دۆخێکی تراژیدیە.
دامەزراوەیەک کە ئەرکی یەکەمی پاراستنی سەروەری یاسایە، بووەتە ئامرازی پێشێلکردی دەستووری بنەڕەتی، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. دەتوانرێت لە رێگەی پارتی سەوزی چەپ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکرێت، هەرچەندە سەختی و کێشە دەبن، بەڵام بە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر دەکرێن. دەنگدەرانمان دەزانن کە ئەم هەنگاوە ناچاریە. دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن و پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز دەکەن. لەم بڕوایەدام کە دەنگێکیشمان بە فیڕۆ ناچێت.
- دەگوترێت، رێککەوتنی نێوان هۆداپار و ئاکەپە بۆ ئەوەیە، لە زۆر ناوچە کاریگەری لەسەر دەنگی هەدەپە دروست بکرێت، رای ئێوە چییە لەم بارەیەوە؟ ئەردۆغان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە کڵاوەکەیدا هیچ پێیە؟
دەمیرتاش: ئێمە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بۆ ئەم پرسە ناکەین. دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ لایەنەکان رێکبکەوێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ناتوانێت کاریگەری لەسەر دەنگی کورد دروست بکات. گەل بە ئەزموونە تاڵەکانی دەزانێت کە کێ چییە! وەک دیکە هەر چییەک بگوترێت، بێسوود و بەتاڵە.
ئەردۆغان نە کڵاوی هەیە و نە لەنێو کڵاوەکەیدا سوپرایزی بۆ کورد هەیە. 50 رۆژی دیکە هەڵبژاردنە. ئەردۆغان کە لەماوەی ئەم 7-8 ساڵەی دواییدا ئەم هەموو شتەی بەسەر کورد هێنا، دەبێت چی پێمابێت؟ بۆ نمونە ئەمە حەوت ساڵە ئێمە بە فەرمانی ئەردۆغان بەبێ تاوان لە زیندانە تاکەکەسیەکاندا زیندانیکراوین. ئایا گەل ئەم کردەوانە لە ماوەی 50 رۆژدا لەبیر دەکات؟ ئایا ئەمە دەبێت؟ ئاکەپە و ئەردۆغان بۆ کورد، دەفتەرێکی رەشە کە داخراوە.