زووم، ئاژانسەکان
ئەنجومەنى ئاسایشی روسیا هۆشداری دەداتە وڵاتانى رۆژئاوا و دەڵێت، بە دابینکردنى چەکى زیاتر بۆ ئۆکراین، “جەهەنمى ئەتۆمى” نزیکتر دەبێتەوە.
بەگوێرەى کەناڵى جەزیرە، دمیتری مێدڤێدیڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا رایگەیاندووە، مەترسی جەنگى ئەتۆمی پاشەکشەی نەکردووە و تادێت زیاتر دەبێت. دابینکردنى چەکى زیاتر بۆ ئۆکراین لەلایەن وڵاتانى رۆژئاوا، سەرهەڵدانی جەنگەش زیاتر دەکات.
رۆژى 17ى ئازارى 2023 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراین و گواستنەوەی ناچاری منداڵان لە ناوچە “داگیرکراوەکانی” ئۆکراینەوە بۆ روسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیێر پوتین، سەرۆکى روسیا دەرکرد.
دەستگیرکردنی پوتین راگەیاندنی جەنگى ئەتۆمییە
دمیتری مێدڤێدیڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا
دمیتری مێدڤێدیڤ دەڵێت، دەستگیرکردنی پوتین، لە دەرەوەى وڵات یەکسان دەبێت بە راگەیاندنی شەڕ لە دژی روسیای ئەتۆمی.
ئەم گوتانە دواى دوو رۆژ دێت لە سەردانەکەى شی جینپینگ، سەرۆکى چین بۆ روسیا و کۆبوونەوەى لەگەڵ پوتین و جەختکردنەوەیان لە بەکارنەهێنانى چەکى ئەتۆمی و گفتوگۆ لەبارەى دانوستانى ئاشتى نێوان روسیا و ئۆکراین.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى سەردانى باخموتى کرد
روسیا بەرەبەیانى 24ى شوباتى ساڵى رابردوو هێرشەکانى بۆسەر ئۆکراین دەستپێکرد و ئێستا لوتکەى جەنگەکە لە شارى باخموتە، دوێنێ، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکراین، سوپاى وڵاتەکەى لە شارەکە بەسەرکردەوە، لەکاتێکدا روسیا بڵاویکردووەتەوە، 70%ى شارەکەى کۆنترۆڵکردووە. هێرشەکانى روسا دەیان شارى وێرانکردووە و موشەک ژێرخانى وڵاتەکەى هەڵتەکاندووە.
بەگوێرەى بانکى نێودەوڵەتى، بۆ بنیادنانەوەى وڵاتەکە و گەڕاندنەوەى بۆ پێش سەردەمى جەنگ ئۆکراین پێویستى بە 411 ملیار دۆلارە.
دمیتری مێدڤێدیڤ، کە بە کەسێکى نزیک لە پوتین ناسراوە دەڵێت، 10 ساڵى داهاتوو ئارام نابێت، بەهۆى خواستی وڵاتانى رۆژئاوا بۆ سەپاندنى هەژموونیان. ئەو دەڵێت، هەندێک وڵات لە زمانى هێز تێناگەن، رێککەوتنیش لەگەڵیان سودى نییە.
لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان روسیا و ئەمریکا دەڵێت، پێناچێت بەمنزیکانە پەیوەندییەکانى روسیا و رۆژئاوا ئاسایی ببێتەوە، بەڵام دەکرێت لە دورمەدودادا پەیوەندى هەبێت.
کەسە نزیکەکەى پوتین، باسی دەستوەردەکان لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى روسیا دەکات و دەڵێت، “گومانمان نییە وڵاتانى رۆژئاوا دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا لە ساڵی 2024دا دەکەن”.