زووم:
سەرچاوەیەکی باڵا لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رەتیدەکاتەوە، هیچ بڕیارێکیان لەبارەی نادەستووریبوونی دانیشتنە درەنگوەختەکەی پەرلەمانی عێراقەوە دابێت.
سەرچاوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە (22ی ئازاری 2023) بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی گوتووە، ئەوەی لەبارەی نادەستووریبوونی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە “دوورە لە راستییەوە”.
پەرلەمانی عێراق بەرەبەیانیی رۆژی 20ی ئازار لە دانیشتنێکدا نیوەی مادەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەسەند کرد و ئەوانی دیکەی بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دواخست.
سەرچاوەکەی دادگای فیدراڵی دان بەوەدا دەنێت، کە سکاڵایان لەبارەی ئەو دانیشتنەی دادگاوە بەدەست گەیشتووە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا گفتوگۆیان لەبارەوە نەکردووە و بە فەرمی هیچ بڕیارێکیان لەوبارەیەوە دەرنەکردووە.
هاوکات ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری عێراقی رەتکردەوە، کە دژی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان تۆماری کردبوو.
مستەفا سەنەد سکاڵای تۆمارکردبوو دژی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بە شێوەی قەرز لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی پێشتر لەسەر سکاڵایەکی مستەفا سەنەد، ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووریی دانابوو.