زووم، ئاژانسەکان
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، پلانی گفتوگۆی ئاشتییانەی چین، دەکرێت وەک بناغەیەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین، بەڵام رۆژئاوا و ئەمریکا ئەوەیان ناوێت.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین رۆژى دووشەممە، بە گەشتێکى سێ رۆژە گەیشتە مۆسکۆ، دوێنێ لەگەڵ پوتین کۆبووەوە، ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە جەنگى روسیا و ئۆکراین، پەیوەندییە دوو لایەنەکانی نێوان چین و روسیا.
پوتین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ شی جینپینگ رایگەیاند، گفتوگۆی ئاشتی تەنها کاتێک بەرقەرار دەبێت رۆژئاوا و ئۆکراین بۆ ئەو پرسە ئامادەبن.
مانگی رابردوو چین پرۆژەیەکى بۆ ئاشتى نێوان روسیا و ئۆکراین راگەیاند، بەڵام بە روون و ئاشکرایی داوا لە روسیا ناکات لە خاکی ئۆکراین بچێتەدەرەوە. پرۆژەکە کە لە 12 خاڵی گشتگیر پێکهاتووە، داوای ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتییانە و رێزگرتن لە سەروەریی خاک دەکات، بەڵام هیچ پرۆپۆزەڵێکی دیاریکرا و تایبەتی تێدا نییە.
بەڵام ئۆکراین سورە لەسەر ئەوەی کە کشانەوەی هێزەکانی روسیا لەنێو خاکەکەیدا وەک مەرجی سەرەکی بۆ هەر جۆرە دانوستانێک دابنێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە روسیا ئەوکارە بکات.
پوتین لە کۆنفرانسەکە راشیگەیاند، “دەتواندرێت زۆرێک لە بڕگەکانی پلانی ئاشتی چین وەک بنەمایەک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان لە ئۆکراین دابنرێت، بەڵام هەرکاتێک رۆژئاوا و کیێڤ ئامادەبن بۆ ئەو مەبەستە.”
گوتیشی، روسیا تاوەکو ئێستا لە لایەنی بەرامبەر ئەو ئامادەییەی نەبینیوە.
هاوکات شی جینپینگ رایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری گفتوگۆی ئاشتییانە و دیالۆگە. گوتیشی، چین لەبەرەی راستی مێژوودایە و دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیریی بۆ هێنانەکایەی ئاشتیی بگێڕێت.
سەرەڕای پرسی ئاشتی و شەڕی ئۆکراین، هەردوو وڵات گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانیان کرد لەبواری بازرگانی، وزە و سیاسەتەوە.
لەوبارەیەوە پوتین رایگەیاند، “چین پێشەنگی هاوبەشی بازرگانیی روسیایە” و داواشیکرد ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بن و بەرەو ئاستێکی بەرزتر لەوەی کە لەساڵی رابردوودا بەدەستهاتووە بچنە پێشەوە.
سەرۆکی چینیش رایگەیاند، روسیا و وڵاتەکەی دوو دراوسێی زلهێز، هاوبەشی ستراتیژیی و هەمەلایەنەی ناوچەکەن.
رێککەوتنێکیان واژۆکرد
بەگوێرەی میدیای فەرمی روسیا، سەرۆکانی هەردوو وڵات لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون کە ئەمانەن:
▪️ دوو بەڵگەنامەیان واژۆکردووە، یەکێکیان تایبەتە بە وردەکاریی هەماهەنگی ئابوری. ئەوەی دیکەشیان تایبەتە بە پلانی بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان.
▪️گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ دانانی بۆرییەک لە سیبیریا بۆ هەناردەکردنی گازی روسیا بۆ چین لەرێگەی مەنگۆلیاوە.
▪️هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی نابێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێندرێت.
▪️نیگەران بوون لە رێککەوتنی نێوان ئوسترالیا، ئەمریکا و بەریتانیا بۆ پێدانی ژێردەریایی ئەتۆمی بە ئوسترالیا.
▪️هەردوولا نیگەرانن لە زیادبوونی هەژموونی ناتۆ لە ئاسیادا لەبواری کێشە سەربازی و ئەمنییەکان.
بەڵام وڵاتانی رۆژئاواش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە چین هاوکاریی سەربازی بۆ روسیا بنێرێت. بەڵام سکرتێر گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ناتۆ تاوەکو ئێستا “هیچ بەڵگەیەکی فەرمی لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت چین چەکی دابێت بە روسیا.”
ئەو گوتیشی، ئاماژە هەبووە روسیا داوای لە چین کردووە چەکی بۆ بنێرێت و ئەم داواکارییەش لەلایەن چینەوە وەرگیراوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکی چین لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی یابان سەردانی ئۆکراینی کرد. کە یەکەمین سەردانی سەرکردەی یابانە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆ وڵاتێک کە جەنگی تێدابێت.
ڤۆلۆدێمیر زێلێنسک، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی یابانەوە بانگێشتکراوە بۆ لوتکەی G7 و ئامادەیی خۆی دەربڕیی بەشداریی لە لوتکەکەدا بکات.
گوتیشی، داوای لە چین کردووە بەشداربێت لە هێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامە.
راشیگەیاند، “ئێمە داوامان لە چین کردووە ببێتە هاوبەشێک بۆ جێبەجێکردنی پرسی ئاشتی و بانگهێشتی دیالۆگمان لێکردووە، چاوەڕێی وەڵامی ئێوەین.”