زووم، رۆژنامەى عەرەب:
رۆژنامەى “عەرەب”ـى چاپى لەندەن، لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممەدا بە مانشێتى سەرەکى نووسیویەتى “بافڵ تاڵەبانى پلانى هەیە بە رەزامەندى هەموو لایەک ببێت بە سەرۆککۆمارى عێراق”.
رۆژنامەکە دەڵێت “بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانى لەگەڵ لایەنەکانى نێو پەرلەمانى عێراق بەهێز بکات، تاوەکو رەزامەندییان بە دەستبهێنێت بۆ سەرۆکایەتى کۆمار و شوێنى لەتیف رەشیدى هاوسەرى پوورى بگرێتەوە، کاتێک کە ویلایەتەکەى کۆتایی دێت، یاخود لە حاڵەتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەدا”.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەداوە کە بافڵ تاڵەبانى لەوەتەى بووەتە سەرۆکى یەکێتى، زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەى ئەنجامداوە، بە جۆرێک لە کۆى زیاتر لە 140 کۆبوونەوە، نزیکەى 100 کۆبوونەوەیان تەنها لە بەغداد بووە.
سەبارەت بە سەردان و کۆبوونەوەکانى بافڵ تاڵەبانى بۆ بەغداد، رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بە راپۆرتێکى “پەیمانگەى شەرقولئەوسەت” کردووە کە بارەگاکەى لە واشنتنە، لە راپۆرتى پەیمانگەکەدا هاتووە لە 33%ـى کۆبوونەوەکانى بافڵ تاڵەبانى لە بەغداد لەگەڵ سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیی بووە و 30%ـى لەگەڵ دیپلۆماتکارە بیانییەکان بووە.
لەنێو سەرکردە دیارەکانى شیعە کە بافڵ تاڵەبانى لەگەڵیاندا کۆبووەتەوە: 16 جار چاوى بە قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى حەق کەوتووە، 15 جار چاوى بە رەیان کلدانى ئەمیندارى گشتى بزوتنەوەى بابیلۆن کەوتووە، 13 جاریش لەگەڵ موسەننا سامەڕایی سەرۆکى هاوپەیمانى عەزم کۆبووەتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانى هیچ کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ نوێنەرانى رەوتى سەدر، یاخود نوێنەرانى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى تشرین نەکردووە.
رۆژنامەکە لە زارى چاودێرانەوە دەڵێت، بافڵ تاڵەبانى ئێستا سەرۆکایەتى دوو جەنگ دەکات، یەکێکیان لە بەغداد لەپێناو قبوڵکردنى وەکو کاندیدى داهاتووى پۆستى سەرۆکایەتى کۆمار، لە شوێنەکەى خودالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانى باوکى “یەکەم سەرۆکى کوردى پاش هێرش ئەمریکا بۆسەر عێراق”، جەنگى دووەمیشى لە سلێمانییە، پێگەى تەقلیدى حیزبەکەى بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەژموونەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان.