کەمال کلچدارئۆغلۆ، کاندیدی هاوپەیمانی گەل و پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە و گرنگترین بابەتی کۆبونەوەکە، پرسی کورد بوو.
دوای ماوەیەکی زۆر و چەندیجار دواخستن، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا، کە ماوەیەکی زۆرە، میدیاکان و سیاسیەکانی تورکیا قسەی زۆری لەسەر دەکەن.
کەمال کلچدارئۆغلۆ رایگەیاند، چارەسەری هەموو کێشەیەک، بە کێشەى کوردەوە دەبێت لەنێو پەرلەمان بێت و گوتی، “لە هەموو دۆخێکدا ئێمە بەرگرى لە دیموکراسی دەکەین. یاساى قەیوم بەهەموو شێوەیەک کارێکى هەڵەیە. ئەگەر یەکگرتن هەبێت بۆچى شەڕ بکەین، ئێمە لایەنگرى یەکگرتنین.”
کلچدارئۆغلۆ هەروەها باسی زمانی کوردیشی کرد و گوتی، ” لە پەرلەمانی تورکیادا بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی نووسین هەیە و کێشە نییە، کەچی کە وشەیەکی کوردی دێتە پێشەوە دەڵێن، لێی تێناگەین، ئێمە ویژدانمان هەیە، زمانێک کە هەزاران ساڵە هەیە بۆچی بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکەین کە لێی تێناگەین، ئەی بۆچی تی یاڕ تی کوردی هەیە.”
دواتر، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە قسەی کرد و رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا باسی کێشە بنەڕەتیەکانی تورکیایان کردووە. باسی ئەو داواکارییانەیان کردووە کە کۆمەڵگا و گەلانی تورکیا چاوڕێی دەکەن و دەڵێت، باسی ئەوەمان کرد کە کێشەی تورکیا لە پەرلەمان پێویستە چارەسەر بکرێت. تەئکیدمان لەسەر چارەسەری هەموو کێشەکانی تورکیا کردەوە”.
لەلایەکی دیکەوە، میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپەش ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا پێویستی بە سەرەتایەکی نوێ هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری و ئازادی فەراهەم بکرێت و سیستمێکی بەم شێوەیە دابنرێت و گوتی، ” هۆکاری ئەوەی کە ئەم کۆبوونەوەیە لە پەرلەمان ئەنجامدرا، ئەوە بوو کە پەرلەمان ناونیشانی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە.”
بڕیارە 14ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدرێن. هاوپەیمانی گەل کەمال کلچدارئۆغلۆ وەک کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دیاری کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەدەپە و هاوپەیمانەکانی کاندیدیان رانەگەیاندووە. فراکسیۆنەکانی ئاکەپە و مەهەپەش، رایانگەیاندووە کە ئەوان رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک کاندیدی خۆیان دەبینن، هەرچەندە بەگوێرەی یاسا ناتوانرێت کەسێک سێ جار ببێتە سەرۆککۆمار، کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوێنێ تەئکیدی لەسەر کردەوە.
بەگوێرەی راپرسیەکان، نە کلچدارئۆغلۆ و نە ئەردۆغان ناتوانن 51٪ی دەنگی هاوڵاتیان بەدەست بهێنن، بۆیەش پێویستیان بە دەنگی لایەنێکی دیکەی بەهێزە کە ئەویش هەدەپە و هاوپەیمانەکانیەتی کە هاوپەیمانی رەنج و دیموکراسیان پێکهێناوە.
بۆیە ئەگەر ئەم کۆبونەوەی هەدەپە و کلچدارئۆغلۆ رێککەوتنی کۆتایی لێبکەوێتەوە، بە ئەگەرێکی زۆر هەدەپە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدات و کۆتایی بە دەسەڵاتی 20 ساڵەی ئەردۆغان و ئاکەپە دەهێندرێت.