لە باکوری کوردستان و تورکیا، نەورۆزی ئەمساڵ بە دروشمی “هەموو شوێنێک نەورۆز و هەموو کاتێک ئازادی” بەڕێوەدەچێت. دوێنێ لە 23 شار و شاروچکەی باکوری کوردستان و تورکیا ئاهەنگەکە بەڕێوەچوو، سەدان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد.
دوایین ئاهەنگی نەورۆزى ئەمساڵ لە باکوری کوردستان و تورکیا، سبەینێ 21ی ئازار لە شاری ئامەد بەڕێوەدەچێت. نەورۆزی ئامەد هەموو ساڵێک، پەیامی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد تێیدا بڵاودەکرێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت، ئەمساڵیش بە سەدان هەزار کەس بەشداری تێدا بکەن.
چەند رۆژ لەمەوبەر شاندێکی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسیەکانی کرد. هەدەپە پارتە سیاسیەکانی بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی ئامەد بانگهێشت کرد.
نەورۆزی ئامەد، لە ساڵی 2000ـەوە بە چاوێکی گرنگ و سیاسییەوە سەیر دەکرێت. بەهۆی ئەوەی هەندێک ساڵ زیاتر لە ملیۆنێک کەس کۆدەبنەوە و هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە لە نەورۆزی ئامەددا، هەموو کاتێک پرۆسەی نوێ و قۆناغی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رادەگەیەندرێت.
لە ساڵەکانی 2000، 2001 و 200دا، ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە سەرەتای شکاندنی قەدەغەی سەر “جەژنی نەورۆز” لە تورکیا و بە فەرمیکردنی جەژنەکە دادەنرێت. لەو سێ ساڵەدا، فشارێکی زۆر کرایە سەر پارتە سیاسییە کوردییەکان و هاوڵاتییانى کورد، کە ئاهەنگی نەورۆز ئەنجام نەدەن، بەڵام بێ ئەوەی گوێ بە فشارەکان بدرێت ساڵ بە ساڵ ئاهەنگی نەورۆز قەڕەباڵغتر دەبوو، بەتایبەتی لە ساڵی 2002دا، نزیکەی ملیۆنێک کەس لە ئامەد کۆبووەوە و ئەمەش لە میدیاکانی تورکیا، ناوچەکە و جیهاندا دەنگی دایەوە.
ساڵى 2003 قۆناغێکی دیکە لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەددا دەستیپێکرد. بەهۆی ئەوەی ئاهەنگەکە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵی حکومەت بۆ داخستنی “هادەپ”. لە ئاهەنگەکەدا جارێکی دیکە نزیکەی ملیۆنێک کەس کۆبوونەوە و بە یەک دەنگ دروشمی “پشتگیریکردن بۆ هادەپیان” گوتەوە.
لە ساڵی 2004 تاوەکو 2007، ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد لە گۆڕەپانی فۆئاری شارەکە بەڕێوەچوو، کە گۆڕەپانێکی بچووک بوو، بەڵام لە ساڵی 2008دا، بەهۆی ئەوەی ئیدی حکومەتیش دانی بە “جەژنی نەورۆزدا” نابوو، گۆڕەپانێکی گەورە لە دەرەوەی شارەکە بۆ ئاهەنگەکی نەورۆز دابینکرا و بە سەدان هەزار کەس لەو ساڵەدا بە دروشمی “کورد داوای کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی” دەکات، بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد. لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا گۆڕەپانەکە بە گۆڕەپانی نەورۆز یان پارکی نەورۆز ناوزەند دەکرێت.
لە ساڵی 2009 تاوەکو 2013 بەشێوەیەکی جەماوەری و قەڕەباڵغی جەژنی نەورۆز لە ئامەد بەڕێوەچوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ دانوستانەکانی نێوان پەکەکە و حکومەت بە نێوەندگیری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). بەتایبەتی لە ساڵی 2013دا کە پرۆسەی ئاشتی و هەوڵەکانی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا هیوایەکی زۆری بەخشی بوو، راگەیەندراوێکی عەبدوڵلا ئۆجالان بۆ پرسی کورد و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕی دەیان ساڵە، مۆری خۆی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد دا. ئەو ساڵە بە یەکێک لە کاریگەرترین ئاهەنگە سیاسیەکانی نەورۆز لە باکوری کوردستان دادەنرێت.
ساڵی 2014 ئاهەنگی نەورۆز لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو، تاوەکو ئەو ساڵەش هەوڵەکانی چارەسەری پرسی کورد و پرۆسەی کرانەوە بە رووی کورددا، کە حکومەت بەم شێوەیە ناوی دەهێنا، بەردەوام بوو.
ئیدی لە ساڵی 2015ەوە و تاوەکو ئێستا، بەهۆی لەبارچوونى پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا و فشارەکانی سەر هەدەپە کە بە دەیان هەزار سەرۆک، ئەندام، بەڕێوەبەر، پەلەمانتار و هاوسەرۆکی شارەوانی هەدەپە دەستگیرکران، ئاهەنگی نەورۆز لە کەشێکی قەدەغەکراودا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هاوڵاتیانى کورد، کوت و بەندەکانی حکومەتى تورکیا بۆ قەدەغەکردنی گێڕانی ئاهەنگەکەیان شکاندووە.
ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵیش لە ئامەد کە بڕیارە سبەینێ 21ی ئازار بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدایە باکوری کوردستان روبەڕوی کارەساتی گەورەی بومەلەرزە بووەتەوە و بە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە ملیۆنان هاوڵاتی کورد لە 9 شاری باکوری کوردستان روبەڕوی ئاوارەیی بوونەتەوە.
هۆکارێکی دیکە کە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵی ئامەد لەگەڵ ئاهەنگەکانی دیکەدا جیادەکاتەوە، هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیایە، کە پارتی دیموکراتی گەلان و هاوپەیمانەکانی رۆڵی یەکلاییکەرەوە لە هەڵبژاردنەکەدا دەبینن و پێدەچێت. چاوەڕوان دەکرێت پەیامی سیاسی سبەینێ لە ئاهەنگەکەی نەورۆزدا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکاندا بێت.