زووم:
وەزارەتی دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر و خانەنشین رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە بەهۆى ئەوەى “بە نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتووە”.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەشداوە، لەو ژمارەیە هەزار و 973 کەس دوو مووچەی خانەنشینییان وەرگرتووە، هەزار و 849 کەس دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینییان وەرگرتووە، 367 کەسیش دوو مووچەی فەرمانبەرییان وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت، پێویستە ئەو مووچانە کە لە دوای یەکى تەموزى 2020 بەدواوە بە نایاسایی وەریانگرتووە، بەزووترین کات لەو کەسانە وەربگیرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بە یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی کە لەو رێکەوتەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاشکراکردنى ئەم دۆسیە لەلایەن وەزارەتى دارایی لەکاتێکدایە، سەرەتاى مانگى رابردووش فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێم ئاشکراکردنى هەزاران حاڵەتى بەستنى پلەى زیادە و موچەى زیادەى راگەیاند.وەکو فەرمانگەى میدیاى و زانیاریی ئاماژەى پێکردبوو، لە ئەنجامى پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران، دەرکەوتووە حەوت هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بوو، 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو.
فەرمانگەى میدیا و زانیاریی راشیگەیاندبوو، لەکۆى 60 هەزار دۆسیە، نزیکەى 42 هەزار دۆسیەى ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە ئامادەکراوە بۆ پێداچوونەوە، پلە بەرزکردنەوە و زیادە مووچەیان دەستنیشان دەکرێن.