زووم:
عومەر سەید عەلی و لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە کۆبوونەتەوە و رایانگەیاندووە، پێویستە دامەزراوەکانی حکومەت لە سلێمانی بخرێنەوە خزمەتی هاوڵاتیان.
بەگوێرەی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان و نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی، هەردوولا ئاماژەیان بەوەداوە “دۆخێکی نەخوازراو بەسەر سلێمانیدا هێنراوە، بۆیە پێویستە کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت”.
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە، لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوەکە بە سەرۆکایەتیی عومەر سەید عەلی کۆبوونەتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنەکەی، لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناساندووە، هەریەک لە پەروین کاکە حەمە و ژینۆ محەمەدیشی وەکو ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ناوبردووە “کە لە سەردانەکەدا یاوەرییان کردووە”.
لاهور شێخ جەنگی 22ی مانگی رابردوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، رایگەیاند بە پشتبەستن بە بڕیارى دادگا لەمەودوا وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی دەست بە چالاکییەکانی دەکاتەوە.
میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لە کۆبوونەوەکەی لاهور شێخ جەنگی و عومەری سەید عەلی کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ پاشگرێکیان پێوە بلکێنێت.
میدیای فەرمیی بزووتنەوەکە نووسیویەتی، “لاهور شێخ جەنگی بە هاوڕێیەتی هەڤاڵان پەروین کاکە حەمە و ژینۆ محەمەد، لەشاری سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەلایەن بەڕێزان عومەر سەید عەلی و جەمال حاجی محەمەد و سەفین مەلا قەرە و بەختیار ئەولی پيشوازییان لێکرا”.
شاندی هەردوولا وایان بڵاوکردوەتەوە کە پێویستە زەمینەیەکی گونجاو بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێت و کێشەی نێوان لایەنەکان چارەسەربکرێن.