نوسینى مایکڵ هیرش، نوسەرى ستونى فۆرین پۆلیسی
توسیدیدس، دوو هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر نوسیویەتی “جەنگ مامۆستایەکی توندە.” لەوکاتەوە نەتەوە گەورەکان هەمیشە هەوڵیانداوە وانە لەو جەنگانەوە فێربن کە کردویانە، بەتایبەتى شەڕە “خراپ و گەوجانەکان” بەڵام ناکرێت هەمان شت بۆ ئەمریکا بگوترێت کە 20 ساڵ پێشی ئێستا عێراقی داگیرکرد.
بەگوێرەی ئەو کاریگەرییە درێژخایەنەی کە هەیبووە، داگیرکردنی عێراق یەکێک بووە لە هەرە ئاراستە ستراتیژییە هەڵەکانی مێژووی ئەمریکا. بەڵام زۆر کەم باس لەوە کراوە بۆچی بەو شێوەیەیە. بۆچی ئەوەی لە دوو دەیەی رابردوو رویدا بەهیچ شێوەیەک نەبووە بە وانەیەکی مێژوویی، بەڵکو بەشێکە لەو روداوانەی کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.
لوتبەرزی و زیادەڕەوی لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا، تاوەکو ئێستاش کاریگەریی بەسەر ئێستامانەوە هەیە. لێکەوتەکانی دوای شەڕی عێراق پێگەی ئەمریکای بەشێوەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازکرد. لە دوایین پێشهاتدا بووەهۆی ئەوەی چین نێوەندگیریی لێکنزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە بکات.
ئەو چوونە نا پێویستەی ئەمریکا بۆ عێراق بووەی هۆی رێخۆشکردن بۆ شکستی 20 ساڵەی واشنتن لە ئەفغانستان. ئەمەش بووە هۆی شەرمەزارکردنی بایدن کە بە خێرایی و بێ بیرکردنەوە هێزەکانی ئەمریکای لەو وڵاتەدا کشاندەوە.
لە مانگی ئابی ساڵی 2021دا بایدن رایگەیاند، کۆتایی بە هەوڵەکانی ئەمریکا دەهێنێت بۆ دروستکردنەوەی وڵاتانی دیکە.
لە بەرامبەر ئەمەدا، کارەساتی ئەفغانستان وێنەیەکی لاوازی ئەمریکای نیشانی جیهاندا، کە پێدەچێت ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیاش هەر سودی لەمە بینیبێت بۆ داگیرکردنی ئۆکراین. پێشتر پوتین لە گوتارەکانیدا داگیرکردنی عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە بە بیانوو هێناوەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین. کارەساتی عێراق، کە ئەمریکا خۆی دروستیکرد، لاوازی سەربازی ئەمریکای دەرخست. جیهانی فێری چۆنیەتی وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوە کرد لە دژی ئەو وڵاتەی کە سەردەمانێک وا ناسرابوو هیچ وڵاتێک ناتوانیت هێرشی بکاتەسەر.
ئەمە سیاسەتی ئەمریکای گۆڕی و بووە هۆی بێ ناوبانگکردنی دامەزراوە سیاسییەکانی واشنتن و کردنەوەی رێگا بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی وڵاتەکە. شەڕی عێراق و ئەفغانستان کاریگەرییەکی دیکەی لەسەر ناوخۆی ئەمریکا دروستکرد کە کەمتر باسی لێوەکراوە، ئەویش دەروستبوونی قەیرانی دەرمانی ئۆپیۆید بوو لە ئەمریکا. ئەمەش بەهۆی ئەوەبوو بەڕێوەبەرایەتی سەربازە دێرینەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی زیاد لەپێویست و درێژخایەن رەچەتەی دەرمانی فێنتانیلیان بۆ سەربازە بریندارەکانی ئەو دوو جەنگە دەنوسیی، کە لەداواییدا بووەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئەو دەرمانە لە وڵاتدا.
کەواتە، ئایا شەڕی عێراق هیچ بەرهەمێکی باشی هەبوو، کە وانەیەک یان دوو وانەی لێ وەربگرین؟ بەڵی، بەڵام هیچ سودێکی وەهایان نەبوو. لێکۆڵینەوەیەکی سوپای ئەمریکا ئەوەی دەرخستووە تاکە سودمەند لەو شەڕەدا ئێران بوو، کە هەم گەشەی کرد و هەمیش دەسەڵاتەکانی فراوان کرد.
راستە، لانیکەم عێراق چیتر لەلایەن سەدام حوسێنی دیکتاتۆری دژی ئەمریکاوە حوکم ناکرێت. لەبری ئەوە لەلایەن کۆمەڵێک سیاسەتمەداری گەندەڵەوە بەڕێوەدەبرێت کە پیناچێت بە ئاشکرا دژی ئەمریکا بن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پشتیان پێ نابەسترێت. ئەگەر ئەو نزیکەی 2500 سەربازەی ئەمریکا بوونیان نەبووایە لە عێراقدا، ئەوا وڵاتەکە لە ژێر مەترسی روخاندا دەبوو لەلایەن ئێران یان دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە سوپای ئەمریکا چەند وانەیەکی گرنگ فێربووە، لەو بەربەستانەی کە لە ئۆپراسیۆنەکانى دژی گروپە یاخییەکان روبەڕویان دەبووەوە. سەرەڕای ئەوەی داگیرکردنی عێراق هەڵە بوو، بەڵام ئەمریکا سەرکەوتووانە توانی گروپە یاخییەکان و دەوڵەتی ئیسلامیی تێکبشکێنێت.
ئەنتۆنی پاف، عەقیدی سەربازی دێرینی ئەمریکا، کە ئێستا مامۆستایە لە کۆلێژی سەربازی شەڕ لە ئەمریکا دەڵێت، ئەمانە مۆدێلی سەرکەوتنی سەربازین و ستراتیژی داهاتووى سوپای ئەمریکان. گوتیشی، “ئەوەی کە من نایبینم ئەوەیە کە چۆن ئەو ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووانە بگۆڕێن بۆ ستراتیژی سەرکەوتن” بۆ وڵاتەکەمان.
لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، ئەزموونی شکستی ئەمریکا لە ڤێتنام، عێراق و ئەفغانستان، ئەوەی سەلماند کە پارە و هێزی وڵاتێکی زلهێز هیچ کاتێک ناتوانێت هیچ ئەنجامێک بگۆڕێت لە ئەمری واقیعدا، ئەگەر حکومەتێکی شەرعی لەو ناوچەیەدا دانەمەزرێت. واشنتنیش نەیتوانی لە هیچ کام لەم وڵاتانەدا ئەمە بەدی بهێنێت.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هیچ وانەیەک لەو شتانەوە فێربووین، لە کاتێکدا ئەمە زۆر بە دەگمەن باسی لێوەدەکرێت. لە ئێستاشدا هیچ گفتوگۆیەکی جددی نییە لەبارەی ئەوەی هەڵەکان چی بوون. ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی کە پشتگیرییان لە شەڕی داگیرکاریی عێراقدا کرد، تاوەکو ئێستاش دامەزراوەکانی حکومەت و میدیا بەڕێوەدەبەن، بە دیموکرات و کۆمارییەکانیشەوە.