ئاهەنگەکانی نەورۆز، وەک نەریتێکی ساڵانە، لە شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا ساز دەکرێن و ئەمڕۆ لە 23 شار و و شاروچکە ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و چەندین پارتی هاوپەیمانیی و رێکخراوە کوردییەکان، بەرنامە و پرۆگرامی ئاهەنگەکانی نەورۆزیان رێکخستووە و ئەمڕۆ قەڕەباڵغترین ئاهەنگەکان لە ئەستەنبوڵ و وان بەڕێوەدەچن.
دروشمی ئاهەنگەکانی ئەمساڵ بریتەیە لە هەموو جێگەیەک نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی”.
لە ئاهەنگەکاندا کە هاوکاتە لەگەڵ نزیک بوونەوەی، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، بەرپرسانی هەدەپە، دەسیان بە کەمپەینێکی تێکەڵ لە نەورۆز و هەڵبژاردن کردووە.
لەگەڵ ئەوەی، بارانێکی بە خوڕ لە زۆربەی شارەکان دەبارێت، بەڵام بە هەزاران کەس رویان لە گۆڕەپانەکاندا کردووە و بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
بڕیارە، ئەمساڵیش وەک نەریتێکی ساڵانە، هەدەپە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە 21ی مانگدا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان ساز بکات. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هەدەپە، ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکە کراوە و چەندین پارت و کەسایەتی لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا بۆ ئاهەنگی ئامەد بانگهێشتکراون.
لە ساڵی 2013دا، لە ئامەد، گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو کە بەگوێرەی ئامارەکان، ملیۆنێک کەس بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد. ئاهەنگەکە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کە هەدەپە نێوەندگیری دەکرد.
لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2013دا، بۆ یەکەمجار، پەیامی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لەلایەن پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی ئێستای هەدەپە و پەرلەمانتاری ئەو کاتەی پارتەکە خوێندرایەوە کە خۆشی ئەندامی شاندی ئیمڕالی بوو.